سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى وردەکارى کۆبوونەوەى سبەینێى یەکێتى ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-02-18

10688 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە ناو یەکێتى ڕایگەیاند، سبەینێ سەرکردایەتى یەکێتى کۆدەبێتەوە و پرسەکانى هاوسەرۆکایەتى و کۆتا کارەکانى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حیزبە گفتوگۆیان لە بارەیەوە دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە ناو یەکێتى کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێـت بەدیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "کۆسرەت ڕەسوڵ عەلى سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى یەکێتى گەراوەتەوە کوردستان و سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى یەکێتى کۆدەبێتەوە و پرسەکانى پەیوەندییەکانى سەرکردایەتى و ئەنجومەنى باڵاى ئەو حیزبە و پەیڕەوى ناوخۆ و هاوسەرۆکایەتى ئەو حیزبە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."

هاوکات، لە سەر داواى کۆسرەت ڕەسوڵ عەلى کۆبوونەوەکانى سەرکردایەتى یەکێتى ڕاگیرا و خۆشى بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى سەردانى وڵاتى ئوردنى کردبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلى سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى سیاسیى یەکێتى دژى پەیڕەوکردنى سیستەمى هاوسەرۆکییە لەناو یەکێتى و لە چەند ڕۆژى ڕابردووش بۆ هەمان مەبەست لە نامەیەکدا هۆشدارى دایە سەرکردایەتى حیزبەکەى و داواى ڕاگرتنى کۆبوونەوەکانى سەرکردایەتى کرد دەربارەى دیاریکردنى دوو کەس وەک هاوسەرۆک.