سەردێڕ:

​ڤیدیۆ.. وردەکاری ڕزگاربوونى سێ شۆفێر لە دەستى ڕفێنەرەکانیان

فۆتۆ: 
2020-02-17

8855 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی چووەتە  ئەو شوێنەى کە سێ شۆفێرە ڕفێندراوەکەی گەرمیانی تێدابووە  چیرۆکى ڕزگاربوونەکەیان دەگێرێتەوە.

له‌ كێڵگه‌يه‌كى به‌ گه‌نم چێنراودا كه‌ ژماره‌يه‌ك خانووى ته‌واو نه‌كراوى له‌ نزيكن، چاڵێك هه‌ڵكه‌ندراوه ‌و به‌ بلۆك ژوورێكى بچكۆله‌ى له‌ژێر زه‌ويدا لێ دراوستكراوه‌.

چاڵەکە‌ بۆ ماوه‌ى ١١ ڕۆژ سێ شۆفێرى ڕفێنراوى تێدا حه‌شار درابوو كه‌ له‌ نزيك ناحيه‌ى قادركەره‌مى سه‌ر به‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له‌ كاتى گواستنه‌وه‌ى بارى هێلكه‌دا ڕفێنرابوون.

ئه‌و چاڵه‌‌ كه‌ سێ ڕفێنراوه‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى ١١ ڕۆژ تێدا حه‌شاردرابوو به‌ بلۆك دروستكراوه‌، سه‌ره‌وه‌ى به‌ ده‌رگايه‌ك گيراوه‌ ‌بۆ ڕێگرى له‌ هه‌ڵاتنى ڕفێنراوه‌كان، له‌ناو چاڵه‌كه‌شدا چەند ئه‌ڵقەیەک‌‌ جێگير كراوه‌ بۆ به‌ستنه‌وه‌ى ڕفێنراوه‌كان به‌ زنجير، هاوكات له‌ناو چاڵه‌كه‌دا بڕێك كا و چه‌ند به‌تانييه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ندێ خورما هه‌ن، ئه‌و ڕفێنراوانه‌ ١١ ڕۆژ به‌م شێوه‌يه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تا كاتى خۆ ڕزگاركردنيان.

شوێنه‌وارى چاڵه‌كه‌ ڕوونه‌ كه‌ ماوه‌يه‌كى زۆره‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام ڕوون نييه‌ كه‌ ئه‌مه‌ يه‌كه‌م حاڵه‌تى له‌م شێوه‌يه‌ تێدا كرابێت يان پێشتريش بۆ ڕفاندن و حه‌شاردانى خه‌ڵكانى تر به‌كارهێنراوە.

ڕفێنراوه‌كان دوانيان به ‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن و يه‌كێكيان كورده‌، دوانيان دانيشتووى هه‌ولێر و ئه‌ويتريان به‌غداده‌، ڕفێنه‌ره‌كان هيچيان له‌سه‌ر هۆكارى ڕفاندنيان به‌ ڕفێنراوه‌كان نه‌وتووه‌، ئەگه‌ر پرسياريشيان لێ كردبن وتوويانه‌ قسه‌ بكه‌ن ده‌تانكوژين، كورده‌كه‌ دواى ئه‌و ماوه‌يه‌ بزمارێك له‌ ته‌خته‌ى سه‌ر چاڵه‌كه‌دا به‌دى ده‌كات و به‌وه‌ ده‌ست و پێوه‌ندى خۆى ده‌كاته‌وه‌، هاوڕێكانيشي ڕزگار ده‌كات بێ ئه‌وه‌ى بتوانێت زنجيره‌كانيان لێ بكاته‌وه‌، ده‌چنه‌ گوندێك و ئاسايش له‌ ڕووداوه‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ گه‌يشتنى ئاسايش به‌ شوێنه‌كه‌، ئۆتۆبێلێك لێيان نزيك ده‌بێته‌وه ‌و ته‌قه‌يان لێ ده‌كات، پاش ماوه‌يه‌ك ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كان هه‌ڵدێن.

له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ فه‌رمانى ده‌ستگيركردن بۆ ١١ كه‌س ده‌رچووه‌، شه‌ش كه‌سيان گيراون، ئه‌وانى دیکە هه‌ڵاتوون، دادگا به‌ ماده‌ى ٤٢١ له‌ ياساى سزادانى عێراقى دۆسيه‌ى بۆ كردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى ده‌ستگيركراون كوردن و دانيشتووى ناوچه‌كه‌ن و به‌ پێي زانيارييه‌كانى ئێن ئاڕ تى، كاره‌كه‌ بۆ ده‌ستخستنى پاره‌ ئه‌نجامدراوه‌.

ئه‌م ڕووداوه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند حاڵه‌تێكى دیکەی ڕفاندن له‌ هه‌مان سنوورى قه‌زاى كفرى، كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سنووره‌كه‌ به‌ ئه‌نجامده‌ريان داده‌نرێن و دواتر به‌ پاره‌ ڕفێنراوه‌كان ئازاد ده‌كرێن، له‌ ناو گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا كورد و عه‌ره‌بيش هه‌ن.