سەردێڕ:

مەحمود سەنگاوی چەند نهێنییەک لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-02-17

36189 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود سەنگاوی چەند نهێنییەک لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە ئاشکرادەکات و دەڵێت، "لە کاتی هێرش بۆ سەر داعش لە جەلەولا، قاسم سولەیمانیمان لەگەڵدا بووە و پێی وتوم بە چەند رۆژ دەتوانیت شارەکە بگرنەوە".

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیدا رایگەیاندووە، "من لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتومە کە خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندە و پێشمەرگەی ئێمە بووایە، چونکە زۆر بە ئازایانە و بە قارەمانێتی بینیومە."

سەنگاوی راشیگەیاند، "کە پەلاماری جەلەولاماندا قاسم سولەیمانی پێی وتم، ئێوە دەتوانن بە سێ رۆژ شارەکە بگرن؟ وتم سبەی ئەمکاتە ئەگەر لەم ناوچەیەدا بیت ئەوا دێم پێت دەڵێم گرتومانە، وتی یانی بە ١٢ کاتژمێر یان ٢٤ کاتژمێر شارەکە دەگرنەوە؟ وتم بەڵێ".

دەشڵێت، "ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام رووخا، ئێمە چوینە ئێران، سەردانی سەردار سولەیمانیمان کرد کە ئەوکاتە گەنج بوو."

هەر لە چاوپێکەتنەکەدا ئاماژە بەوەدەکات، "لە دیدارەکەدا مام جەلال پێی وتین کە ئەمە ئاغای سولەیمانییە و زیاتر لە رابەری گشتی ئێرانەوە نزیکە و پەیوەندی دۆستانە و تایبەتیشم لەگەڵیدا هەیە."

مەحمود سەنگاوی باسی لەوەشکردووە، "هەر هێزێک بێتە ئەم ناوچەیە دەڕوات، بەڵام ئێمە و ئێران ناڕۆین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی سێی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەر یەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.