سەردێڕ:

سۆران.. بەرگری شارستانی ئاماری زیانەکانی شەپۆلی بەفر ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-02-17

2771 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سۆران، عەبدۆ رۆستایی

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، شەپۆلی بەفرەکەی ماوەی رابردوو، زیانێکی زۆری بەر هاوڵاتیان و شوێنە گشتییەکان گەیاندووە و چەندین ئاماری لەوبارەیەوە خستەڕوو.

بەیار باڵەکی، وتەبێژی شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بەهۆی شەپۆلی بەفرەکەوە، چوار پێشانگای ئوتومبێل لە قەزای سۆراندا داڕمان و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر ٥٠ ئوتومبێل کەوت. هاوکات، دوو حەوشەی ماڵان و خانوی هاوڵاتییەکیش توشی داڕووخان هاتن."

راشیگەیاند، "زیان بەر سەربانی پێشانگایەکی فەرش، کارگەیەکی نایلۆن، کارگەیەکی پلاستیک، کارگەیەکی بالیفی پزیشکیی، کۆگایەکی پەیینی کشتوکاڵی و چەندین جێگەی شوشتنی ئوتومبێل کەوتووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "شاخێک لە نێوان سۆران و حاجی ئۆمەراندا داڕوخاوە و بەهۆیەوە، هاوڵاتییەک برینداربووە و دوو ئوتومبێلیش زیانیان بەرکەوتووە."

باسی لەوەشکرد، "بنکەکانمان توانیویانە ١٦ هاوڵاتی و ٤٥ ئوتومبێل رزگاربکەن کە لە نێو بەفردا گیریان خواردبوو. هاوکات، بە هاوکاری لەگەڵ بنکەی پۆلیسی چۆمان و ناوچەکانی دیکە، ٩ پێشمەرگەمان بە سەلامەتی لە نێو بەفرێکی زۆردا رزگارکردووە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و ناوچەی حاجی ئۆمەران و سۆرانیش ھەمیشە لە پلە یەکەمینەکانی ساردترین ناوچەکانی ھەرێمدا دەھاتن.

هـ.ب