سەردێڕ:

​ ڤالانتاین چییە و بۆ بووە بە رەمزی خۆشەویستی؟

فۆتۆ: 
2020-02-14

4574 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژی خۆشەویستی "ڤالانتاین" هەموو ساڵێک لە ١٤ی شوباتدا بەڕێوەدەچێت، هۆکاری دروستبوونی ئەو ڕۆژەش کۆمەڵێک گێڕانەوەی جیاوازی لەسەر وتراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "بیتالۆما"، ١٤ی شوبات لە سەرەتادا هیچ پەیوەندیی بە ڕۆژی خۆشەویستییەوە نەبووە تاوەکو سەدەی ١٤، پێش ژیانی نووسەر و شاعیری دیاری ئینگلیزی جێفری شوسەر، کە بە "باوکی ئەدەبی ئینگلیزی" ناسراوە، ڕۆژی خۆشەویستی دیارینەکرابوو.

پێش ئەوەی ١٤ی شوبات ببێت بە ڕۆژی خۆشەویستی، مەسیحییەکان لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبوون، بوونی ناوی ڤالانتاینیش بەپێی سەرچاوەکان بۆ کەسێکی ڕاهیب "پلە یەکی ئاینی مەسیحییە" دەگێڕنەوە، کە لە سەرەتاکانی سەردەمی مەسیحییەتدا کوژراوە.

بەپێی بەشێک لە گێڕانەوە مێژووییەکان "ڤالانتاین" راهیبێکی مەسیحی بووە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا و، بۆ ساڵی ٢٦٩ دەگەڕێتەوە، کە ئەو کات کلۆدیۆسی دووەم فەرمانڕەوایی وڵاتی دەکرد، لەو سەردەمەشدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوی ڤالنتینۆسیان هەڵگرتبوو.

لەو سەردەمەدا کلۆدیۆس کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردبوو، کە کێشەی بۆ وڵات و خەڵکی دروستکردبوو، یەکێک لەو بڕیارانە ڕێگریکردن بوو لە سەربازە سەڵتەکان کە نابێت هاوسەرگیری بکەن، بۆئەوەی بتوانن لە شەڕدا بە باشی بجەنگن.

ئەو ڕاهیبە دژی بڕیارەکەی کلۆدیۆسی ئیمپڕاتۆر وەستایەوە، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکان لەژێر دەستی ئەو ڕاهیبە هاوسەرگیرییان لەگەڵ خۆشەویستەکانیان کرد.

بەپێی بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، کاتێک ئەو هەواڵە دەگاتە کلۆدیۆس بە بیانووی لادان لە فەرمانی ئیمپراتۆر دەستگیردەکرێت و، سزای سەرپەڕاندنی بەسەردا دەدرێت.

تا ئەوکاتەی سزای سەرپەڕاندنەکەی بەسەردا جێبەجێدەکرێت، نامە گۆڕینەوە و پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی بەهێز لە نێوان ڕاهیبەکە و کچی سەرۆکی زیندانییەکە دروستدەبێت، کە ناوی جولیا بووە، بەڵام بەشێک لە سەرچاوەکان ئاشکرایدەکەن کە کچی سەرۆکی زیندانییەکە نەبووە بەڵکو کچی پیاوێکی ئۆرستۆقراتی بووە.

ئەو ڕۆژەی بڕیاری سەرپەڕاندنەکەی بەسەردا دەدرێت، ڤالانتاین نامەیەکی ماڵئاوایی بۆ جولیان دەنێرێت بە دەستەواژەی "لە ڤالانتاینەوە". لە ڕۆژی ١٤ی شوباتیشدا ڕاهیبەکە سەری دەپەڕێنرێت.

لە ساڵی ٤٩٦ی زاینی، پاپا گلاسیۆس بڕیاریداوە کە ڕۆژی ١٤/٢ ببێتە ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی "ڤالانتاین"، لەوکاتەشەوە ئەو ڕۆژە کراوە بە ڕۆژی خۆشەویستی.