سەردێڕ:

خالید شوانی: زیاتر لە ملیۆنێک پارچە زەوی کشتوکاڵیی جوتیارانى کورد دراوە بە عەرەبی ھاوردە

فۆتۆ: 
2020-01-28

2602 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى هەرێم بۆکاروبارى بەغدا ڕایگەیاند، "ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار پارچە زەوی کشتوکاڵی جوتیارانى کورد دراوە بە عەرەبی ھاوردە و هۆکاری نەگەڕانەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەش جێبەجێ نەکردنی مادەی ۱٤۰ی دەستورى عێراقە".

خالید شوانی وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى بەغدا، لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێ ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، "بەھۆی ئەوەی ئێستا کورد دەسەڵاتی سەربازى و ئیداری لە کەرکوک نەماوە، دادگا گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵیەکان دوادەخات"، ڕاشیەگیاند، "پێویستە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو زەوییە کشتوکاڵیانە بگەڕێندرێتەوە بۆ کورد و تورکمان".  

وتیشى، "دادوەرەکانی کەرکوک لە گەڕانەوەی زەوییەکاندا سەربەخۆنین، چونکە لایەنگری عەرەبەکان دەکەن و وەزیرە یەک لە دواییەکەکانی دادی عێراق، گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران دوا دەخەن".

باسی لەوەشکرد، "بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک لە ڕووی سەربازییەوە، بەشێک لە کێشەکان چارەسەردەبن و لە ئێستاشدا دەربارەی ڕێککەوتنەکەمان لەسەر بودجە لەگەڵ بەغدادا، چاوەڕێی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقین".