سەردێڕ:

عوسمان ئۆجەلان چەند نهێنییەکی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-01-28

20142 جار خوێندراوەتەوە

عوسمان ئۆجەلان چەند نهێنییەکی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان و ژیانی خێزانییان و هۆکاری ژن نەهێنانی براکەی ئاشکرادەکات.

عوسمان ئۆجەلان لە بەرنامەی ١٨٠ی ئێن ئاڕ تیدا باسی لە ژیانی خێزانی براکەی دەکات و دەڵێت، عەبدوڵا ئۆجەلان لەبەر خەباتکردن هاوسەرگیری نەکردووە.

دەشڵێت، دایکیان لە منداڵیدا زۆر دەیپاراستن و دەیویست لە ژیانیاندا سەرکەوتووبن،  پێیشی وتوون، "ئەگەر چایەکی خەڵکیتان خواردەوە، ئەوا ئێوە بە دوو چا قەرەبوویان بۆ بکەنەوە و لەگەڵ خەڵکیدا تێکەڵبن و مافی خەڵکی مەخۆن".

هاوکات، باس لە تەمەنی منداڵی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و دەڵێت، "عەبدوڵا ئۆجەلان لە منداڵیدا مرۆڤێکی تایبەت بوو، وەکو خۆی ژیان دەکرد و لە گوند دەژیا، هەرلەوێش دەستی بە شۆڕش کرد"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو منداڵی خۆی لەناو گەل و شۆڕشدا بەسەربردووە".

دەربارەی بیروباوەڕی ئایینی عەبدوڵا ئۆجەلانیش باسی لەوەکرد، "لە منداڵیدا کەسێکی ئایینداربووە و کە گەورەتریش بووە باشترین هاوڕێی مەلای گوندەکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا سەردەمی زانکۆشی هەر ئاییندار بووە، بەڵام دوای زانکۆ گۆڕانکاریی لە فیکریدا کردووە و زیاتر سۆسیالیستانە بیری کردووەتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، عەبدوڵا ئۆجەلان کە ناسراوە بە ئاپۆ، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٩وە لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکراوە و نزیکەی ٢١ ساڵە لە زیندانی ئەو وڵاتەدایە.