سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی: دڵنیاین لە توانای چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا

فۆتۆ: 
2020-01-28

4947 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهان رایگەیاند، کە ئەو دڵنیایە لە توانای چین بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهان رایگەیاند، دڵنیایە لە توانای چین بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، تێدرۆس ئادانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیھان (WHO) دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی چین و شارەزایانی تەندروستیی ئەو وڵاتە، داوای ھێمنبوونەوەی کردووە و بەپێویستی نەزانیوە بیانیەکانی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە ئەمڕۆ کۆمیتەی نیشتیمانی تەندروستیی چین رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٠٦ کەس و ھاوکات ژمارەی ئەوکەسانەی توشبوون بۆ چوار ھەزار و ٥١٥ کەس بەرزبووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ژاپۆن توشبونی پیاوێکی تەمەن شەست ساڵانی وڵاتەکەی، کە گەشتی بۆ شاری وھانی چین نەکردووە و شۆفێری پاسە، راگەیاند.

ئەوەش ھاتووە، ھەندێک حاڵەتی وەکو ھەڵامەت کە جارێ نازانرێت ڤایرۆسی کۆرۆنایە یاخود نا، لە وڵاتەکانی سریلانکا و کەمبۆدیادا بڵاوبووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لێکۆڵەرانی چینی پێیانوایە ڤایرۆسەکە ساڵی رابردوو لە مارکێتێکی فرۆشتنی خواردنە دەریاییەکاندا و لە سەنتەری شاری وھانی چیندا دروستبووە.

ڤایرۆسەکە جگە لەوەی لە شاری وھانەوە بۆ شارەکانی پەکین و شەنگەھای گوازراوەتەوە، ھاوکات حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، تایلەند، کۆریای باشور، ژاپۆن، ئوستراڵیا، کەنەدا و فەڕەنسادا تۆمارکراون.