سەردێڕ:

هەرێم.. لە ٢٠١٩دا زياتر لە چوار هەزار رووداوی هاتوچۆ روویانداوە

فۆتۆ: 
2020-01-26

1433 جار خوێندراوەتەوە

رووداوەکانی هاتوچۆ یەکێکە لە هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستاندا و تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ دا، چوار هەزار و ٤٧٩ ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان ڕوویانداوە، بەهۆیەوە ٥٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەهدی عەباس، قوربانیەكی ڕووداوی هاتوچۆیە و بەهۆیەوە هەردوو قاچی ئیفلیج بووە، تا ئێستاش چەند وڵاتێك گەڕاوە، بەڵام چارەسەرەكەی نەدۆزراوەتەوە، مەهدی داوا لە شوفێران دەكات، پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن بۆ ئەوەی توشی رووداوی هاتوچۆ نەبن.

بە پێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩ دا، چوار هەزار و ٤٧٩ ڕووداوی هاتوچۆ ڕویانداوە بە هۆیەوە ٥٧٥ كەس گیانیان لە دەستداوە، شەش هەزار و ٧٩١ كەسیش برینداربوون و بەشێكیان كەمئەندام بوون.

ئەسعەد كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمیش هۆكاری زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ بۆ پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایەكانی هاتوچۆ و بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شوفێریدا دەگەرێنێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا، زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ لە شاری هەولێر ڕوویداوە كە هەزار و ٤٦٥ ڕووداوە، بە هۆیەوە ٢٠٩ كەس گیانیان لە دەستداوە هەزار و ٣٩١ كەسیش برینداربوون، دواتر شاری سلێمانی دێت بە هەزار و ٢٠٠ ڕووداو كە بە هۆیەوە ١٨٦ كەس گیانیان لە دەستداوە و سێ هەزار و ٢٩١ كەس برینداربوون، لە شاری دهۆكیش هەزار و دوو ڕووداوى هاتوچۆ هەبووە، كە بە هۆیەوە ٩٨ كەس گیانیان لە دەستداوە هەزار و ١٠١ كەسیش برینداربوون.

هەرچەندە ساڵانە پلان دادەندرێت بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، بەڵام تا دێت ڕووداوەكان زیاتر دەبن، بەشێك لە شارەزایانی هاتوچۆش، هۆکارەکانى بۆ خراپی رێگاوبانەكان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتومبێل دەگەرێننەوە.