سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ئاگر لە بازارێکی هەڵەبجە کەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-26

11448 جار خوێندراوەتەوە

ئاگر لە بازاڕی هانا لە ناوەندى بازاڕى هەڵەبجە کەوتەوە و حەوت کارمەندى بەرگرى شارستانى پارێزگاکە برینداربوون و تەواوى دوکانەکانى بازارەکەش سوتان.

زانیار عومەر، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "لەکاتى کۆنترۆڵکردنى ئاگرى بازاڕەکەدا حەوت کارمەندى بەرگرى شارستانى برینداربوون و ڕەوانەى نەخۆشخانە کراون"، وتیشی "توانیویانە لە ماوەى کەمتر لە دوو کاتژمێردا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن".

باسی لەوەشکرد، "پێشتر دوکاندارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە دەربارەی خراپی سیستمی کارەبای ناو بازاڕەکە کە مەرجی بەرگری شارستانیان تێدا نییە".

هاوکات، پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، "جگە لە تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەڵەبجە، تیمەکانی سیروان و خورماڵیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە هاتوون".

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، "بازاڕەکە دەکەوێتە ناو جەرگەى بازاڕى پارێزگاى هەڵەبجەوە و لە ١٠ دوکان و گەنجینەیەک پێکدێت"، ڕاشیگەیاند، "زیانێکى مادى زۆر بەر دوکانەکان کەوتووە".

بەشێک لە خاوەن دوکانەکانیش ڕایانگەیاند، "ئۆتۆمبێلەکانى ئاگرکوژێنەوەى بەرگرى شارستانى هەڵەبجە بەشێکیان ئاویان وەکو پێویست تێدا نەبووە و کارمەندەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکەش کەلوپەلى ئاگرکوژێنەوە و پاراستنیان پێنەبووە و ئەوەش بووەتەهۆى درەنگ کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە".


هـ.ئـ