سەردێڕ:

لەبارەی کۆرۆناوە رێنمایی دەدرێتە ئەوانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەكەن

فۆتۆ: 
2020-01-26

10288 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرايەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، ڕێنمایی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەو هاوڵاتییانە بڵاودەکاتەوە کە بە نیازن گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی باس لەوە دەکات، "لە وڵاتی ئێمەدا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارنەکراوە بۆیە بۆ خۆپاراستنتان، له‌ كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه‌تان له‌ وڵات، ئەگەر ئەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکەن حاڵەتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای تیایدا تۆمارکرابوو، ئەوا پێویستە چەند ڕێنماییەک جێبەجێبکرێن".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە ئەنفلۆنزا دەچێت".

سەبارەت بە رێنماییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە دەستەکان پاك ڕابگیرێن و بە باشی بشۆردرێن به‌ ئاو و سابونى شل، لەگەڵ ئەوەشدا داپۆشینى ده‌م و لوت له ‌كاتى كۆكه ‌و پژمه‌دا به‌ ده‌سته‌سڕى كاغه‌ز یان به‌ كارهێنانى كه‌مامه‌".

باس لەوەش دەکات، "پێویستە دووربکەونەوە له‌و كه‌سانه‌ى نیشانه‌ى سه‌رمابردن یان ئه‌نفلۆنزایان پێوه‌ دیاره‌ و لە خواردنەکانیشدا گۆشت و هێلکە باش بکوڵێندرێت".

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا هاتووە، "پێویستە دووربکەونەوە له‌ به‌ركه‌وتنى راسته‌وخۆى ئاژه‌ڵى نه‌پارێزراو (نا ماڵی)، یان ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رى زیندووى ناو كێڵگه‌كان له‌ كاتى بڵاوبوونه‌وه‌یدا".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چینەوە سەری هەڵداوە و هەتا ئێستاش بە چەندین وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە دوایین ئامارەکانیشدا تا ئێستا ٥٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش لە سەرانسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بۆیە لەسەرجەم وڵاتاندا ڕێنمایی پێویست دەدرێتە هاوڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە و ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن بەپرسانی ناوچەکانەوە گیراوەتە بەر.