سەردێڕ:

باکوری کوردستان.. منداڵێک دوای ٢٤ کاتژمێر لە رووداوی بومەلەرزەکە رزگارکرا

فۆتۆ: 
2020-01-26

6719 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٢٤ کاتژمێر لە روودانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان، لە شاری خەرپێت منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیو لەژێر داروپەردووی بیناکاندا رزگارکرا.

گوڵستان کوربان، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە باکوری کوردستان رایگەیاند، دوای گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی فریاکەوتن و پاش تێپەڕینی ٢٤ کاتژمێر بەسەر روودانی بومەلەرزەکەی شاری خەرپێتدا، منداڵێکی کچی تەمەن دوو ساڵ و نیو بەناوی نوسرا یەڵدز لەژێر داروپەردووی بیناکاندا دۆزرایەوە و رزگارکرا.

راشیگەیاند، ئەو منداڵە دانیشتوی ناوچەی تاخا موراد پاشای سەر بە شاری خەرپێتە و دوای دۆزینەوە و رزگارکردنیشی، بە مەبەستی چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

وتیشی، تیمەکان تائێستاش هەر بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیاندا و واگومان دەکرێت خەڵکی دیکەش هێشتا مابن و لەژێر داروپەردووەکاندا گیریانخواردبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ فەرمانگەی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا رایگەیاند، تائێستا  زیاتر لە ٣٠ کەس بەهۆى بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هاوکات، هەزار و ٥٥٦ کەس دواى رووداوى بومەلەرزەکە سەردانى بنکە تەندروستییەکانیان کردووە کە لەناویاندا ٣٨٢ بریندار هەن و ٤٥ کەسیش لە ژێر داروپەردووەکاندا دەرهێندراون و رزگارکراون.

شەوى رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ پلەی رێختەر، شارى خەرپێتى باکورى کوردستانى هەژاند و بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر بەشێک لە شارەکانى باکورى کوردستانى گرتەوە.

هاوکات، لە هەریەک لە شارەکانی ئامەد، مێردین، غازی عەنتاب، جزیرە و لە شارەکانى رۆژئاواى کوردستان و لە پارێزگاکانى دهۆک و هەولێریش بومەلەرزەکە هەستى پێکراوە.