سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانى: دوو کەس بە تۆمەتى دزینى ئۆتۆمبێل دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-01-26

2239 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى پۆلیسی سلێمانى رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتى دزینى ئۆتۆمبێل دەستگیرکران و دوو ئۆتۆمبێلیش دەستی بەسەرداگیراوە.

سەرکەوت ئەحمەد بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لەلایەن پۆلیسی بابلەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى لاندکلۆزەر لە بابل دزراوە و گومان کراوە هێنرابێتە هەرێم، پاش بەدواداچوونى هێزەکانى پۆلیس، دوێنێ  ئەو ئۆتۆمبێلە لە پێشانگایەکى فرۆشتنى ئۆتۆمبێل بینراوە و پۆلیسی نەهێشتنى تاوان دەستیان بەسەردا گرتووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو کەسەشی لێی خوڕیوە و پێی بووە دەستگیرکراوە و پاش رێکارە یاساییەکانیش خاوەنەکەى کە بەڕەگەز عەرەبە دەتوانێت بە بەڵگەى خاوەندارێتی وەریبگرێتەوە.

 باسی لەوەشکرد، ٢٤ى ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێکى نیسان سەنى لەنزیک فولکەى رزگارى سلێمانى لە هاوڵاتییەک دزرابوو و دوای ئاگادارکردنەوەى هێزەکانى پۆلیسی فریاکەوتن، ئۆتۆمبێلەکە دەستی بەسەرداگیرا و سەرنشینەکەشى کە ئۆتۆمبێلەکەى دزیبوو دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەرى دەگیرێتەبەر.

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى سلێمانى وتیشی، لەسەرەتاى ساڵى نوێوە پێنج حاڵەتى دزینى ئۆتۆمبێلیان هەبووە و سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانیش دەستیان بەسەردا گیراوە.