سەردێڕ:

چین.. تا ئێستا ٥٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2020-01-26

10230 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تائێستا ٥٦ کەس لە چین گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش لە سەرانسەری دنیادا توشی نەخۆشییەکە بوون.

میدیای فەرمی چین بڵاویکردەوە، تائێستا لەو وڵاتەدا ٥٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٩٧٥ کەسی دیکەش توشبوون.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە سەرانسەری دنیادا حاڵەتەکانی توشبوون زیاترن لە دوو هەزار حاڵەت و زیاتر دەکەونە وڵاتانی دەوروبەری چینەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتی کەنەدا دوێنێ شەممە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەی راگەیاند کە پیاوێکی پەنجا ساڵانە و لە شاری ووهانی چینەوە گەڕاوەتەوە بۆ کەنەدا.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان کارمەندانی کونسڵخانەی شاری ووهان دەگوازنەوە و کورسی گەشتیاریش لە چینەوە بۆ وڵاتەکەیان سنورداردەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لێکۆڵەرانی چینی پێیانوایە ڤایرۆسەکە ساڵی رابردوو لە مارکێتێکی فرۆشتنی خواردنە دەریاییەکاندا و لە سەنتەری شاری ووهانی چیندا درووستبووە.

ڤایرۆسەکە جگە لەوەی لە شاری ووهانەوە بۆ شارەکانی پەکین و شەنگەهای گوازراوەتەوە، هاوکات گەیشتووە بە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، تایلەند، کۆریای باشور، ژاپۆن، ئوستراڵیا، فەرەنسا و کەنەدا.

هـ.ب