سەردێڕ:

سلێمانى.. پێنج سزادراو هەفتەیەکە مانیان لە خواردن گرتووە

فۆتۆ: 
2020-01-25

2674 جار خوێندراوەتەوە

لە بیناى زیندانى چاکسازى گەوران لە سلێمانى، پێنج سزادراو داوا دەکەن ئازادبوونى مەرجدار بیانگرێتەوە، بەڵام ئازادنەکراون و ئەوانیش هەفتەیەکە مانیان لە خواردن گرتووە و دۆخى ژیانیان لە مەترسیدایە.

لە بیناى زیندانى چاکسازى گەوران لە سلێمانى، پێنج لە سزادراوان کە بە ١٥ ساڵ سزادراون و ١٢ ساڵى سزاکەیان تەواوکردوە، داوا دەکەن ئازادبوونى مەرجدار بیانگرێتەوە و لە زیندان بچنە دەرەوە کە بەپێی یاسا مافی خۆیانە، بەڵام ئازادنەکراون و ئەوانیش هەفتەیەکە مانیان لە خواردن گرتووە و دۆخى ژیانیان باش نییە.

بەپێی یاساکە دەبوو نۆ مانگ پێش ئێستا ئەو زیندانیانە ئازادبکرانایە، بەڵام ئازاد نەکراون.

سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى نوسینگەى سلێمانى مافى مرۆڤ، ئاگادارى مانگرتن و رەوشى ئەو زیندانیانەیە، باس لەوەدەکات بڕیارى ئازادکردنی سزادراوەکان پەیوەندی بە دادگاى پێداچونەوەوە هەیە.

ئەو زیندانیانە بە یاساى تیرۆر زیندانیکراون و بەپێى یاساکەش لە ١٥ ساڵى سزاکەیان، ئەگەر ١٢ ساڵیان تەواو کردبێت ئەوا ئازاددەکرێن، بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەرى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، پێویستە بەپێى یاساکە مامەڵە لەگەڵ زیندانیان بکرێت.

لە زیندانى چاکسازى گەورانى سلێمانى هەزار و ٢٠٠ سزادراو هەیە، لە ساڵى ٢٠١٨، ٦٠٠ زیندانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتن و ئازادکران، بۆ زیندانیانى دیکەش ئازادبوونى مەرجدار هەیە، کە لابردنى یەک لەسەر چوارى سزاکەیانە و پاشان ئازادکردنیان، بەڵام بەپیى زانیارییەکان، ئەنجومەنى دادوەرى بە پاساوى مەترسى لەسەر ئاسایش و ئەمنیەتى وڵات، ئەو زیندانیانەى بە ماددەى تیرۆر سزا دراون ئازاد ناکات.