سەردێڕ:

ئێران: ئەو کەسەی موشەکی ئاڕاستەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە کرد لە زینداندایە

فۆتۆ: 
2020-01-25

16428 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو کەسەی لە ئاسمانی تاراندا موشەکی ئاڕاستەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە کرد، ئێستا لە زینداندایە.

لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی شپیگڵی ئەڵمانی کە پرسیاری ئەوەی لێکرابوو، "بۆچی دوای سێ رۆژ حکومەتی ئێران دانینا بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا؟"، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند، "دۆخێکی ئاڵۆز بوو لە کاتێکی ئاڵۆزدا. ئەمریکا ٣٢ ساڵ لەمەوبەر فڕۆکەیەکی مەدەنی ئێرانی خستەخوارەوە و دواتر، بەرپرسانی ئەو وڵاتە خەڵاتی ئەو کەسەیان کرد کە موشەکەکەی ئاڕاستەکردبوو، بەڵام ئەوەی ئێمە لەئێستادا لە زینداندایە".

راشیگەیاند، "من خۆم دوو رۆژ دوای رووداوەکە زانیم کە بە هەڵەی کەسێک فڕۆکەکە خراوەتەخوارەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەرچی خەڵکی مافی خۆیانە گلەیی بکەن بۆ دواخستنی زانیاریی لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، بەڵام حکومەتی وڵاتەکەم بەرپرسیاری ئەو رووداوە نییە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەشتی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی ئۆکرانی بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە نزیک تاران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی کە زۆرینەیان ئێرانی بوون گیانیان لەدەستدا.

هەرچەندە سەرەتا دەوترا فڕۆکەکە بە هۆکاری تەکنیکی کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی ١١ی ئەم مانگە سوپای پاسداران رایگەیاند، فڕۆکەکە بەهۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە و لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە خراوەتەخوارەوە.