سەردێڕ:

هەرێم.. نەخۆشخانەی تایبەت بۆ ئاڵودەبووان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان نییە

فۆتۆ: 
2020-01-25

1761 جار خوێندراوەتەوە

نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ئاڵودەبووان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا وایکردووە کە چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئاڵودە و بەکارهێنەرن خاو بەڕێوەبچێت.

تائێستاش دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەو بابەتە لە پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە و د. لوقمان سیوەیلی مامۆستای زانکۆی سلێمانیش دەڵێت، "بەکارهێنەران و ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان وەک تاوانبار سەیر دەکرێن نەک وەک نەخۆش، ئەوەش کەمووکورتییەکی گەورەیە"، دەشڵێت، "گەنجان قوربانی سەرەکین لەم بابەتەدا".

ئەگەرچی لە ئێستادا سەنتەری تایبەت بە چارەسەربووانی بەکارهێنەران و ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، چونکە ڕێژەکە بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیاتری کردووە. سەرپەرشتیاری نەخۆشانی ئاڵودەبووش دەڵێت، "لە ٢٠١٧دا ٤١ کەس سەردانی کردوون و چارەسەریان وەرگرتووە، لە ٢٠١٨دا ٦٩ کەس سەردانیان کردووە و لە ٢٠١٩شدا ٩٥ کەس سەردانیان کردوون و لە ناویاندا زیاتر لە ١٠ نەخۆشی مێینە هەبووە و هاتووەتە لای ئەوان بۆ چارەسەر.

جەلال ئەمین، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٩دا لای ئەوان ٢٩١ کەس وەک بازرگان و بەکارهێنەر دەستگیرکراون کە ٣٢یان ئافرەتن.

دەشڵێت، مەترسی ئەوە هەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە ترانزێت و لێرە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دیارترین ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەهێندرێنە هەرێمی کوردستانەوە بریتین لە تلیاک، حەشیش، هێرۆین و شیشە.

ماددە هۆشبەرەکان بریتیین لە کۆمەڵێک ماددەی سروشتی یان دەستکرد، کە لە ڕووەک یان ماددەی کیمیایی دروستدەکرێن، ئەمانەش دەبنە هۆی ئاڵودەبوون و کاریگەری لەسەر عەقڵ و جەستەی وەرگر هەیە.