سەردێڕ:

نوێترین زانیارى لە بارەى کەمترین موچەی خانەنشینی ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-25

125643 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڵاویکردەوە، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە كەمترین موچەی خانەنشینی ٤٠٠ هەزار دینار بێت و بۆ دوابڕیاریش لەوبارەوە چاوەڕێی واژۆی سەرۆکی هەرێمە لە سەر یاسای چاکسازی.

ماڵپەڕەکە، لە زاری سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویکردووەتەوە، حكومەت چاوەڕێ دەكات سەرۆكی هەرێم یاسای چاكسازی پەسەند بكات، تا بزانێت چەند پارە دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە موچەی خانەنشینی دیاری بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە هاوشێوەی بەغدا كەمترین موچەی خانەنشینی ٤٠٠ هەزار دینار بێت، بەڵام تا بەرچاومان ڕوون نەبێت بزانین چەند پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە ناتوانرێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت".

جەختیشکردووەتەوە، "کە رایەك لەناو پەرلەمان هەبوو، كە كەمترین موچەی خانەنشینی بكرێتە ٣٠٠ هەزار دینار، بەڵام حكومەت بەوە رازی نەبوو، نیازی وایە بیكات بە ٤٠٠ هەزار دینار و ئەگەر توانا هەبێت، زیاتریش دەكرێت."

پەرلەمانى کوردستان ١٦ى ئەم مانگە بە دەنگى ٨٩ پەرلەمانتار، کۆى ماددەکانى پڕۆژەیاساى چاکسازى پەسەندکرد و بوو بە یاسا رەوانەى سەرۆکایەتى هەرێم کرا بۆ رەزامەندبوون لەسەرى، هاوکات فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو دژى خانەنشینى پلەباڵاکان دانیشتنەکەى پەرلەمانیان جێهێشت و رەتیان کردەوە.