سەردێڕ:

عێراق.. چوار خۆپیشاندەر کوژران

دەیان کەس برینداربوون
فۆتۆ: 
2020-01-25

1959 جار خوێندراوەتەوە

لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە شاری ناسریە و بەغدا، چوار خۆپیشاندەر کوژران.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستی زیقار رایگەیاند، لە ئاکامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بەڕووی خۆپیشاندەران کە بۆ بڵاوەپێکردنیان لەسەر پردی فەهد لە شارى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار کردیان، سێ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٤٤ کەسیش برینداربوون.

رووبەڕووبووەنەوەکان دواى ئەوە روویاندا، کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵی ئەوەیان دا خۆپیشاندەران لەسەر پردی فەهد، بڵاوەپێبکەن و دووبارە رێگەی خێرای نێوان پارێزگاکانی باشور و بەغدای پایتەخت بکەنەوە.

هاوکات ئومێد محەمەد پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا رایگەیاند، دواى تویتەکەى موقتەدا سەدر، بە کشانەوەى لایەنگرانى لە گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندەران، بۆ کردنەوەى رێگا سەرەکییەکان، هێزە ئەمنییەکان بە توندى رووبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە و بەشێک لە خێوەتى خۆپیشاندەرانیان سوتاند و بەهۆیەوە خۆپیشاندەرێک کوژرا و ١٩ کەسیش برینداربوون.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیکەى ٦٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.