سەردێڕ:

شەرقئەوسەت: ئەمریکا تاوتوێی دروستکردنی بنکەی سەربازی لە هەرێم دەکات

لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە
فۆتۆ: 
2020-01-25

40105 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی چەند سەرچاوەیەک کە بە  رۆژنامەى شەرقئەوسەتیان راگەیاندووە، بەمەبەستى جێگیرکردنى دوو هەزار سەرباز، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان، تاوتوێى دروستکردنى چەند بنکەیەکى سەربازى کردووە.

رۆژنامەى شەرقئەوسەت لە زاری چەند بەرپرسێکى ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارى بەرپرسانى عێراق، لەبارەى بوونى هێزەکانیان لەو وڵاتە و پارێزگاریکردن لە پێگەى خۆیان بۆ ئەگەرى هەر بەرەنگاربوونەوەیەک، چەند پێشنیازێک لەبەردەست ئیدارەى ترەمپ دایە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، یەکێک لە پێشنیازەکان تاوتوێکردنى پرسی زیادکردنى ژمارەى هێزەکانى ئەمریکایە لە هەرێمى کوردستان و تاوتوێکردنی ئەو پرسەش تەوەرێکى سەرەکى چاوپێکەوتنى ترەمپ بووە لەگەڵ سەرۆکى هەرێم و سەرۆک کۆمارى عێراق لە داڤۆس.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشنیاز هەیە بۆ دروستکردنى چەند خاڵ و بنکەى سەربازى لە نزیک سلێمانى و باشورى هەولێر و نزیک هەڵەبجە، هەروەها زیادکردنى ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لە ٥٠٠ سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز، لەگەڵ مانەوەى پێنج هەزار سەرباز لە عێراقدا.

لەسەر پرسى دروستکردنى بنکەى سەربازى ئەمریکا لە هەرێم، پێشتر ئێن ئاڕ تى پەیوەندى بە جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەوە کرد و بێئاگایى لەوبارەوە دەربڕى، رایگەیاند، تا ئێستا بەفەرمى لەلایەن بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمەوە ئەو پرسە پشتڕاستنەکراوەتەوە.

پرسی زیادکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەرێم لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق بە بێ کورد و سونە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عیراق پەسەندکرد و ئەو بڕیارەش کاردانەوەی ناوخۆی و دەرەکی لێکەوتەوە.