سەردێڕ:

تەندروستی هەرێم: ئامادەکارییەکان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر

کۆرۆنا ناوەکەی لە شێوەیەوە وەرگیراوە کە خەرمانەیی و وەکو تاجەگوڵینەیە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-25

5293 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمى کوردستان دوورە و بۆ رووبەڕووبوونەوەشی هەمان رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەنێوان هاوڵاتیان، خوێندنگە و نەخۆشخانەکانی هەرێمدا بڵاوکراونەتەوە.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم بە ئێن ئاڕتى ڕاگەیاند، وەزارەتى تەندروستیى هەموو ڕێکارێکى بۆ ئەگەری رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر ئەوەش خۆی لە رێنمایی بەخشین و ئامادەکردنی دەرمانی پێویستدا دەبینێتەوە.

وتیشی، "
بەهاوکاریی وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەرمانی پێویستمان بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا ئامادەکردووە".

ئاماژەى بەوەشکرد، نیشانەکانى کۆرۆنا وەکو پەتا وەرزییەکان وایە و مرۆڤ توشى سەرئێشە و سکچوون دەکات و کەسانى توشبوش دەبێت جیابکرێنەوە.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو کەسانەى پلەى گەرمى جەستەیان بەشێوەیەکى نائاسایی بەرزدەبێتەوە دەبێت خوێنیان لێوەرگیرێت و لە تاقیگەدا شیکارى خوێنیان بۆ بکرێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕاددەیەکی زۆر لە چین و بەشەکانی دیکەی وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەتەوە، ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و بەتوندی توشی مرۆڤ دەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووشبون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی گیرفانە هەواییەکان.