سەردێڕ:

لە چین نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەی بە ١٠ رۆژ تەواودەکرێت ئەی لە کوردستان؟

فۆتۆ: 
2020-01-24

14764 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێمى وھان لەچین بریاریدا لە ١٠ رۆژدا نەخۆشخانەیەکی ھەزار قەرەوێڵەیی بۆ چارەسەرى تووشبوانى کۆرۆنا دروست بکات، لە کوردستانیش نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێلەیی بە ١٣ ساڵ تەواوکرا.

لە هەرێمى وھان لەچین تیمێکی گەورە و دەیان ئامێر و کەرەستەی بیناسازی کار دەکەن بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠٠ قەرەوێڵەیی لە ماوەی تەنها ١٠ رۆژدا، بە مەبەستی رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا.

ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر زەوییەك بە ڕووبەری ٢٥ هەزار مەتر چوار گۆشە دروست دەکرێت و هاوکات بڕی ١٤٤ ملیۆن دۆلاریش تەرخان کراوە بۆ  چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە و هەڵمەتی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.

تا ئێستا لە چین ٢٦ کەس بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش توشی نەخۆشیەکە بوون، لە کۆى ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دانیشتووانى چین.

چیرۆکی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە بەم شێوەیە بوو:

لە کۆتا ڕۆژەکانى ساڵى ڕابردوودا لە بازاڕێکى ماسى فرۆشتنى هەرێمى وهان لە وڵاتی چین جۆرێکى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبووەوە و یەکەم حاڵەتى توشبوونى مرۆڤ تۆمارکرا و دواتر بەشێک لە شارەکانی دیکەی گرتەوە و، دواتر نەخۆشیەکە لە وڵاتانی سەنگاپوور، تایلەند، تایوان، کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمریکاش تۆمارکرا، زۆربەى ئەو کەسانەش کە لەو وڵاتانە توشی نەخۆشیەکە بوون، هاوڵاتیانی چین بوون و بۆ گەشت سەردانی وڵاتەکانیان کردبوو.

بەرپرسانى وڵاتی چین بارى نائاساییان ڕاگەیاندووە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەش گەشتەکانى هەرێمى ووهان و هوانگانگیان ڕاگرتووە، کە ژمارەى دانیشتوانیان نزیکەى ٢٠ ملیۆن کەسە، هەروەها خوێندنگەكان و شوێنەگشتییەکان و کارى کۆمپانیاکان ڕاگیراون، پشکنینی تەندروستیش بۆ سەرجەم گەشتیارەکان ئەنجام دەدرێت.

دروستکردنى نەخۆشخانەیەک لە ماوەى تەنها ١٠ رۆژدا بە لاى زۆرێک لە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستانەوە جێی سەرنج بوو.

لە هەرێمى کوردستان بەهۆى کارى رۆتینات و گەندەڵییەوە، دروستکردنى قوتابخانە و نەخۆشخانەکان چەندین ساڵیان پێویستە، بۆ نمونە، نەخۆشخانەى ٤٠٠ قەرەوێڵەیی سلێمانى بە ماوەى ١٣ ساڵ دروستکرا.

لە سنورى پارێزگاى هەولێریش لە قەزاى خەبات لە ساڵى ٢٠١٣ وە بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى ١٠٠ قەرەوێڵەیی دانراوە، بەڵام تا ئێستا بە تەواونەکراوى ماوەتەوە.

لە سنورى پارێزگاى دهۆکیش لە ساڵى ٢٠١٣وە بەردى بناغە بۆ پێنج نەخۆشخانە دانراوە، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراون.

نمونەکان کۆتاییان نایەت، هەر لە سەر دروستکردنى نەخۆشخانە، لە کەلار لە ساڵى ٢٠١٣وە، نەخۆشخانەیەك بڕى  ٢٧  مليۆن دۆلاری له‌ پاره‌ى گرێبه‌سته‌ نه‌وتييه‌كان بۆ ته‌رخانكرا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو نەخۆشخانەیە دروست بکرێت.

وڵاتی چین کە دانیشتوانەکەی ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کەسن، بە هۆی گیان لەدەستدانی تەنها ٢٦ هاوڵاتى وڵاتەکەیەوە، ئەم هەنگاوە بە پەلەیەی نا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ١٠٠٠ کەس تەنها بە روداوی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن، بەڵام دوای ٢٩ ساڵ لە حکومرانی کوردی لە هەرێم، هێشتا رێگای خێرا و هێڵی ئاسنین نیە، نەک ئەوە ، بەڵکو حکومەتی هەرێم ریگا کۆنەکانیش نۆژەن ناکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی ساڵانە لە هەرێم تەنها بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، هەزاران هاوڵاتی گیان لە دەستدەدەن و حکومەتیش پلانێکى تۆکمە و بەهێزى نییە بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکان.

لە بەرامبەریشدا لایەنگرانی دەسەڵات لە هەرێم دەڵێن، پلانەکانى حکومەتى هەرێم لە ئاست پێویستدا بووە و هەوڵیان داوە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان بونیادنانی پرۆژەی ستراتیژیی