سەردێڕ:

ئەو وڵاتە کامەیە کە رۆژانە ٩٥ کەسى تێدا دەکوژرێت؟

فۆتۆ: 
2020-01-24

14112 جار خوێندراوەتەوە

تاوانەکانى کوشتن لە مەکسیک رووى لەزیادبوون کردووە و بەپێى ئامارەکان، ساڵى رابردوو نزیکەى ٣٥ هەزار کەس کوژراون، واتە ٩٥ کەس لە هەر رۆژێکدا کوژراون.

ماڵپەرى بی بى سى بەریتانی بڵاویکردەوە، بەپێى داتاکان رێژەى تاوانەکانى کوشتن لە مەکسیک، ئاستێکى گەورەى تۆمارکردووە، کە لە هەر ١٥ خولەکێکدا کەسێک دەکوژرێت، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دواى ساڵى ١٩٩٧وە.

هاوکات، بی بى سى رێژەى کوشتنى لە مەکسیک بەراورد بە شەڕى ناوخۆیى سوریا کردووە کە زیاتر لە نۆ ساڵە بەردەوامە و  ئاماژەى بەوەکردووە، لە ساڵى ٢٠١٩دا ١١هەزار چەکدار و خەڵکى مەدەنى لە سوریادا کوژراون، کە نیوی ژمارەى کوژراوانى مەکسیک نییە لەو ساڵەدا.

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکارى زۆرى حاڵەتەکانى کوشتن لە مەکسیک بۆ زۆربوونى باندەکانی ماددەهۆشبەر دەگەڕێتەوە، حاڵەتەکان بەجۆرێکە، لە سەرەتاى ئەم مانگەدا ١٠ مۆسیقاژەن لە کاتى گەڕانەوەیان لە کارێکى هونەرى  لە رۆژئاواى مەکشیک کوژران، کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ ساڵى و٤٢ ساڵیدابووە.

بەپێى لیژنەى گەڕانى نیشتمانى مەکسیک، کە بەم دوایانە دامەزراوە، نزیکەى ٦٢ هەزار کەس بەهۆى شەڕى باندى ماددەهۆشبەرەکان  گروپەچەکدارییەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە بیسەروشوێنن و دیارنەماون.