سەردێڕ:

دەزگاى لوتکە: حکومەتی هەرێم زانیاری لەبارەی ژێرئاوکەوتنی یەختەکەوە نییە

فۆتۆ: 
2020-01-23

2890 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای لوتکە ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوکار نەبووە لەم کەیسەدا، زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاندراوێکی دەربارەی هێنانەوەی تەرمی پێنج کۆچبەرەکەی لە دەریای ئایۆندا خنکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێنانەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەوە لەلایەن دەزگای لوتکەوە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بە ناوی حکومەتەوە، ئێمە سەرلەبەری ئەو ڕاگەیاندراوە ڕەتدەکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "جگە لەوەی حکومەت هاوکار نەبووە لەم کەیسەدا، زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و وتەبێژی حکومەت زانیاریی هەڵەی بڵاو کردووەتەوە کە ڕایانگەیاندووە ئەم کارەساتە لە دەریای ئیجە ڕوویداوە، لە کاتێکدا لە دەریای ئایۆنی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا ڕوویداوە".

ڕاشیگەیاندووە، "ناوی چوار لە پەنابەرەکانی بە هەڵە بڵاو کردۆتەوە، وا دەردەکەوێت ناوەکانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتووە کە لەسەر سندووقی تەرمەکان نووسراون و پێشتر دەزگای لوتکە بڵاوی کردبووەوە".

ڕوونیشیکردووەتەوە، "لە یەکەم ساتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەوە دەزگای لوتکە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و گشت کاروبارە یاساییەکانمان بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی عیراق لە یۆنان جێبەجێ کردووە و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و پرۆفایلی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە".

باسی لەوەشکردووە، "کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و ئەرکی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان".

دەزگای لوتکە ڕاشیگەیاندووە، "ئێمە خوازیار بووین حکومەتی بە ئەرکی خۆی هەڵبستایا و ئەو کاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەکردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەو کارانە جێبەجێ بکەین"، دەشڵێت، "ئەگەر حکومەت هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان کەیسی تریان ڕادەست بکەین، هەتا بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسی بێسەروشوێن بوونی سەدانی دیکە بکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندبوو، "هێنانەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە لەسەر ئەرکی حکومەت و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتە".

لە رۆژی ١١ی ئەم مانگەدا، لە دەریای ئایۆنی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا بەلەمێک بە ٥٣ سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە ٣١ سەرنشینی کە ژمارەیەکیان کوردبوون خنکان، بڕیارە تەرمی پێنج لەو کۆچبەرانەش سبەینێ هەینی، بگاتەوە هەرێم.

هـ.ئـ