سەردێڕ:

ئەوروپا.. باندێک کە نزیکەی ١٠ هەزار کوردیان گەیاندووەتە بەریتانیا دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2020-01-23

8626 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی فەڕەنسا و هۆڵەندا باندێکی ٢٣ کەسییان بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گەیاندنی نزیکەی١٠ هەزار کۆچبەری کورد بۆ بەریتانیا دەستگیرکردووە.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەزگای دادی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانکاری رایگەیاندووە، پۆلیسی فەڕەنسا و هۆڵەندا گروپێکی ٢٣ کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت یارمەتی نزیکەی ١٠ هەزار کوردیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا دابێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گروپە لەڕێگەی بارهەڵگری ساردکەرەوە و چوپەوە کۆچبەرەکانیان لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە، بۆ هەر یەکێک لە کۆچبەرەکانیش نزیکەی حەوت هەزار یۆرۆیان وەرگرتووە.

هاوکات، بەرپرسانی هۆڵەندا رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیانە سەرەتا لە فەڕەنسا دەستیپێکردووە و دواتر لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئاگادارکراونەتەوە کە چەند ئوتومبیلێکی تۆمەتبارەکان ژمارەی هۆڵەندای پێوەبووە، دواتر دەزگای دادی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانکاری تیمێکی نێودەوڵەتی پێکهێناوە.

باسلەوەشکراوە، ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەی تیمەکە دەستیانکردووە بە چاودێریکردنی شوێنی حەواڵەکردنی پارەی کۆچبەرەکان و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو پارەیە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ هۆڵەندا نێردراوە و  رادەستی قاچاخچییەکان کراون. بەوهۆیەوە، پێنج شوێنیان پشکنیووە و توانیویانە ١٩ تۆمەتبار لە فەڕەنسا و چوار تۆمەتباری دیکە لە هۆڵەندا دەستگیربکەن.

دەزگاکە کۆی سامانی گروپە قاچاخچییەکەی بە نزیکەی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆچی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە و رۆژی ١١ی ئەم مانگە لە ئاوەکانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا بەلەمێک بە ٥٣ سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت، کە ویستویانە لە یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن.