سەردێڕ:

تەرمی پێنج لەو کەسانەی لە رووداوی یەختەکەی یۆناندا خنکان دەهێنرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-01-23

7794 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی سبەینێ هەینی، تەرمی پێنج لەو کەسانەی لە رووداوی یەختەکەی یۆناندا خنکان، لەسەر ئەرکی حکومەت دەگەنەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی، کاتژمێر ٨:٤٥ خولەک، لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم تەرمی هەریەک لە رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر دەگەنەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی.

راشیگەیاند، "هێنانەوەی تەرمی قوربانیان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتە کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا دەزگاکانی حکومەتی راسپارد، هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان بکەن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١١ی ئەم مانگە لە ئاوەکانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا بەلەمێک بە ٥٣ سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت کە ٢٢یان کورد بوون و بەپێی راگەیەندراوی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، پێنجیان خنکابوون و سیانیش زیندوو، هاوکات بەدواداچوون بۆ ١٤ی دیکەیان بەردەوامە.