سەردێڕ:

لێکۆڵەرێکى سی ئای ئەی زانیاریی نەبیستراو لەسەر سەدام حسێن بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-22

62812 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا باس لەو دیدارانە دەکات، کە لە کاتی دەستبەسەربوونی سەدام حسێن لەگەڵیدا ئەنجامیداوە و پێی وایە سەدام لە هەندێک روەوە لە دەسەڵاتدانی ئێستای بەغدا باشتر بووە.

جۆن نیکسۆن شیکەرەوەیەکى سەرکردەکانى جیهان و لێکۆڵەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە، باس لەو دیدارانە دەکات، کە لە کاتی دەستبەسەربوونی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق لەگەڵیدا ئەنجامیداوە و کتێبێکى بە ناوى لێپرسینەوە لە سەرۆک بڵاوکردۆتەوە، لە کتێبەکەدا باس لەو کاتە دەکات کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەدام حسێندا کردووە لە گرتوخانە.

نیکسۆن سەبارەت بە سەدام نوسیویەتی، "سەدام لەوکاتەدا خاوەنی هەیبەت و کەسایەتیەکی کاریزمی بوو"، نووسیویشیەتی،  کاتێک سەدام هاتە ژوورەوە وایزانیوە بکوژەکەی بەغدا دەبینێت، بەڵام بینی کەسێکی لەسەرخۆ و زۆر باشبووە، هەوڵیدەدا روانگەیەکی باش لەسەر خۆی لەلای ئەوان جێبهێڵێت، نیکسۆن باس لەوەدەکات، "لەو کارەشیدا سەرکەوتوو بووە".

هەر لە کتێبەکەشدا وتەى سەدام لە وەڵامى پرسیارێکیدا دەخاتەڕوو و دەڵێت، "بە سەدامی وتووە، وەسفى عێڕاق و گەلى عێڕاقی بۆ بکات و ئەویش وتوویەتی، ئـێوە لە عێراقدا دەشکێن، دواتر تێدەگەن حوکمکردنی عێراق کارێکی ئاسان نییە، ناتوانن لە عێراق تێبگەن هەتا لە ژینگە و جوگرافیاکەی تێنەگەن، لە جیاوازی شەو و ڕۆژی تێنەگەن، هەتا لە جیاوازی هاوین و زستانی تێنەگەن، بەهۆی گەرمای هاوینەوە عێراقیەکان هەمیشە سەریان گەرمە، ڕەنگە هاوین دژتان ڕاپەرن، حەق وایە ئەم ڕاستیانە بەڕاپۆرت بە جۆرج بۆش بڵێن".

نیکسۆن لە سەدامی پرسیوە چۆن یارمەتیاندایت لە بەغدا رابکەیت،لە وەڵامیشدا سەدام حسێن وتوویەتی، "من لەبەغدا ڕامنەکرد، بەڵکو شوێنی خۆمم گۆڕی، ئەو هاوڕێیانەشی هاوکاریانکردم ناویان ئاشکراناکەم و سەلامەتیان ناخەمە ژێرمەترسیەوە، چونکە ڕەنگە رۆژێک لە ڕۆژان دووبارە کارم پێیانبێتەوە".

هاوکات، لە چاوپێکەوتنێکیشیدا نیکسۆن ئاماژە بەکۆبوونەوەکەى عەدنان پاچەچی و چەند کەسایەتیەکى دیکە لەگەڵ سەدامدا دەکات و دەڵێت، "سەدام لەگەڵ پاچەچی قسەى کردووە و پێی وتووە بۆچی لەگەڵ ئەو کەسە بێکەڵکانەدا هاتوویت، وەک ئاماژەیەک بۆ عادل عەبدولمەهدی و مۆفەق ڕوبەیعی و ئەحمەد چەلەبی".

لەگەڵ ئەوانەشدا، نیکسۆن پێیوایە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەراورد ناکرێن بە سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق و لەو رووەوە نوسیویەتی، "سەرکردەکانی ئێستای عیراق لە ئاستێکدا نین تەنانەت پێڵاوەکانی سەدامیش پاک بکەنەوە، ئەمە بۆ من شتێکی قورسە بۆ وتن بەڵام بەو شێوەیەیە".

یەکێکى تر لەو پرسیارانەی نیکسۆن لەسەدام حسێنى کردووە ئەوەیە لێیپرسیوە کتێبى دڵخوازت چییە؟، سەدامیش وتوویەتی، "پیرەمێرد و زەریای هێمنگوای، لێی وردببەرەوە چیرۆکەکە تەنها دەربارەی پیاوێک و بەلەمێک و بەکرەیەکی ماسیگرتنە، بەڵام چیرۆکەکە زۆرشت لەسەر ژیان دەگێڕێتەوە".

بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە و گێڕانەوەکانی لێکۆڵەرەکەی پێشووی سی ئای ئەی لە کاتێکدایە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٧ ساڵ بەسەر روخانی دەسەڵاتی سەدام، هێشتا وڵاتەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیوە و ماوەی چوار مانگیشە خۆپیشاندان لە پایتەخت و چەند پارێزگایەک بەردەوامن.