سەردێڕ:

نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئوردن و وەزیری دەرەوەی سعودیە كۆبووەوە

فۆتۆ: 
2020-01-22

2051 جار خوێندراوەتەوە

نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى ئابوريى داڤۆس، لەگەڵ عومه‌ر ئه‌لڕه‌زاز سه‌رۆكوه‌زيرانى ئوردن و مير فه‌يسه‌ڵ بن فه‌رحان ئال سعوود وەزیری دەرەوەی سعودیە كۆبووەوە و دۆخى ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

ماڵپەرى سەرۆکایەتى هەرێم بڵاویکردەوە، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٢ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، له‌ په‌راوێزى به‌شداريكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوريى جيهان له‌ داڤۆسى سویسرا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ عومه‌ر ئه‌لڕه‌زاز سه‌رۆكوه‌زيرانى ئوردن کۆبووەوە و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێکرد.

ئاماژەبەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن، هەروەها هه‌وڵه‌كان بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه‌، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و گرنگيى به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى تيرۆر و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێکران".

ماڵپەرى سەرۆکایەتى هەرێم لەبارەى کۆبوونەوەى نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ مير فه‌يسه‌ڵ بن فه‌رحان ئال سعوود وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعووديه‌ پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە داڤۆس بڵاویکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەیاندا دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى وڵات و داواكارييه‌كانيان و داهاتوى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق تاوتوێکران و جه‌خت له‌ هه‌وڵى هێوردكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و ڕێگرى له‌ په‌ره‌نه‌سه‌ندنى ئاڵۆزييه‌كان کرایەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى سعوديه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و يارمه‌تى و هاوكارييه مرۆييه‌كانى مانگی سوورى سعوودى بۆ ئه‌وان، خرانه‌ به‌ر باس و بيروڕايان له‌باره‌يه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا."

كۆڕبەندى ئابوری داڤۆس کۆبوونەوەیەکى ساڵانەی بواری ئابورییە، کە لەنێوان سەرکردەکانی جیهان، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان و بازرگانان، خەڵکانی ئەکادیمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، ٢١ى ئەم مانگە دەستیپێکردووە و چوار رۆژ دەخایەنێت.