سەردێڕ:

دادگاى هەولێر کارى کۆمپانیای عەریزەنووسەکانی رەتکردەوە

فۆتۆ: 
2020-01-22

11992 جار خوێندراوەتەوە

دادگاى کارگێرى هەولێر کارى کۆمپانیای عەریزەنووسەکانى رەتکردەوە و رایگەیاند، نایاساییە و پێچەوانەى یاسایە.

بەپێى ئەو نوسراوەى دادگاى کارگێرى هەولێر کە لە ٢٣ى کانونى یەکەمى ساڵى رابردوو دەرکراوە و تێیدا هاتووە، " داوالێکراو کە وزارەتى دادى هەرێمە، لە ٣٠ى حوزەیرانى ٢٠١٩، بڕیارى دەرکردووە و رەزامەندبووە لەسەر نوسراوى ژمارە ١٣٤٢ى ١٨ى حوزەیرانى ٢٠١٩، لەلایەن هاوڵاتى دلۆڤان کەمال ئەحمەد، داواى لەسەر تۆمارکراوە، بەوەى کارى کۆمپانیاى بە ئەلیکترۆنیکردنى عەریزەنوسەکان رەتبکاتەوە".

بەپێى نوسراوەکەى دادگاى کارگێڕى هەولێر، دادگا بەسەرۆکایەتى دادوەر عومەر محەمەد باجەلان، و ئەندامێتى هەردوو دادوەر، دهام ئەکرەم و نەوزاد حسێن دانیشتنێکى لەسەر ئەو کەیسە ئەنجامدا و بۆى دەرکەوت نایاساییە و پێچەوانەى یاسایە، بۆیە بڕیاریدا کارى کۆمپانیاى بە ئەلیکترۆنیکردنى عەریزەنوسەکان کە کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەتە رەتبکاتەوە.

بەپێى نوسراوەکەى دادگا، " لە یاساى وەزارەتى دادى حکومەتى هەرێمدا نییە کە وەزیر یان وەزارەتى داد، رێکەوتن و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى یان هەر کۆمپانیایەکى دیکە بکات، بۆ کارى عەریزەنوسەکان و رایکردنى مامەڵەى هاوڵاتییان."

بڕیارى دادگاى هەولێر، بەپەشتبەستن بە حوکمى ماددەکانى( ١٣ و١٤ و١٧و١٨) لە یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێم، و ماددەکانى(٨٨ و ١٥٤ و١٥٥ و١٥٦ و ١٥٩ و ١٦١ و ١٦٢ و ١٦٦)، لە یاساى دادبینى شارستانى.

سەبارەت بە بڕیارەکەى دادگاى هەولێر، کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بڕیارەکە دراوە و کارى ئەو کۆمپانیای ئێنفۆ ئاڕ ئاڕ، کە رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى هەرێم کردووە رەتکراوەتەوە.

لە ١٣ ی شوباتی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، نوسراوێکى بە ژمارە ٨٠٩ ئاراستەی وەزارەتی داد کردووە، رەزامەندی لەسەر گرێبەستى کۆمپانیاى بە ئەلیکترۆنیکردنى کارى عەریزەنوسەکان دەربڕی.

رۆژى ٢٧ى شوباتى ٢٠١٩، گرێبەستەکە لە نێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، وەک لایەنی یەکەم و کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە واژۆکراوە، بەپێی گرێبەستەکە، نرخى عەریزەنووسین بۆ ٢٥ هەزار دینار بەرزکراوەتەوە و لەسەدا هەشتاى ئەو پارەیەش بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ماوەی کارکردن بەو گرێبەستەش بۆ ١٥ ساڵە.

هەر بەپێی ئەو گرێبەستە ٢٥ هەزار دینار بۆ هەر مامەڵەیەک وەردەگیرێت لەو بڕە ٢٠ هەزار دیناری بۆ لایەنی دووەم واتە کۆمپانیاکە دەبێت و پێنج هەزار دیناریشی بۆ حکومەت وەک لایەنی یەکەم دەبێت، کە دوو هەزار و ٥٠٠ دیناری بۆ هاندانی فەرمانبەرانی دادنوس و فەرمانگەکانی دادنوس خەرج دەکرێت و دوو هەزار و ٥٠٠ دینارەکەى تریش، وەک داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و عەریزەنووسانی هەرێمى لێکەوتەوە.