سەردێڕ:

وردەکاریی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران

فۆتۆ: 
2020-01-22

4555 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو بە کاتی کوردستان، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا زیاتر لە ١٢ کاتژمێر بۆ دادگاییکردنی ترەمپ لە کۆبوونەوەدا بوو، هەموو هەوڵەکانی دیموکراتەکانیش کە خۆیان لە ١١ داواکاریدا دەبینیەوە بۆ بانگهێشتکردنی شایەتەکان و دەستخستنی بەڵگەکان، رەتکرانەوە.

سەرەتای دانیشتنەکە بە قسەکردنی ئادەم سکیف، سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان و بەرپرسی لیژنەی هەواڵگریی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێکرد، لە قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە کە ئەوان لێپێچینەوەیەکی دەستوری و بێ گرێ و گۆڵیان دەوێت و رازیش نابن کۆمارییەکان بابەتەکە بەلاڕێداببەن و بە ئاسایی وەریبگرن.

لەلایەکی دیکەوە، میچ مەکۆنێڵ، بەرپرسی سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران پێشتر کۆمەڵە یاسایەکی داڕشتووە بۆ "چۆنێتی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی دۆناڵد، سەرۆکی وڵاتەکە" کە تێیدا، پرۆسەی لێپێچینەوەکە کورت و خێرا دەکات، بەڵام دیموکراتەکان ئەوە بە پەردەپۆشکردن دەزانن.

لە داڕشتنەکەی کۆمارییەکاندا هاتووە، ئەنجومەنی پیران تاوتوێی پرۆسەی لێپێچینەوەکە دەکات و هەرلایەک (دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لێپێچینەوەکە لە دیموکراتەکان و پارێزەکانی ترەمپ) دوو رۆژیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بەڵگەکانیان بخەنەڕوو لە ماوەیەکی ٢٤ کاتژمێریدا، هاوکات، هیچ بەڵگەیەکی دەستەی دیموکراتەکان بەبێ دەنگدان لەسەری پەسەند ناکرێت.

دواتر، چەک شەمەر، بەرپرسی سیناتۆرە دیموکراتەکان ١١ داواکاریی پێشکەشکرد بۆ ئەوەی گۆرانکاری لە داڕشتنەکەی میچ مەکۆنێڵدا بکرێت کە خۆیان لە بانگهێشتکردنی شایەتەکان و دەستخستنی بەڵگەکاندا دەبینییەوە بۆ سەلماندنی تاوانباربوونی دۆناڵد ترەمپ.

داواکارییەکان بریتی بوون لە:

یەکەم: رەوانەکردنی دۆکیومێنت و تۆمارە فەرمییەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە.

دووەم: رەوانەکردنی دۆکیومێنتەکانی وەزارەتی دەرەوە.

سێیەم: رەوانەکردنی دۆکیومێنتەکانی ئیدارەی ترەمپ و بەشی بودجەی کۆشکی سپی.

چوارەم: بانگهێشتکردنی میک مەڵڤێنی، بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی بۆ شایەتیدان.

پێنجەم: رەوانەکردنی زنجیرەیەک لە دۆکیومێنتی پەیوەندیدار بە بابەتی ئۆکرانیاوە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە.

شەشەم: بانگهێشتکردنی رۆبەرت بلێر، یاریدەدەری میک مەڵڤێنی، بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی بۆ شایەتیدان.

حەوتەم: هەرلایەک (دیموکراتەکان و کۆمارییەکان) پێویستە بەڵگەی فەرمی، جگە لەو بەڵگانەی پێشتر کۆکراونەتەوە، لە پرۆسەی لێپێچینەوەکەدا بخەنەڕوو (دەرکردنی چەند یاسایەک بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەکاندا).

هەشتەم: بانگهێشتکردنی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بۆ شایەتیدان.

نۆیەم: سیناتۆرەکان پێویستە دەنگ لەسەر ئامادەبوونی شایەتەکان و بەڵگەکان بدەن.

دەیەم: چەندێتی کاتبەخشین بە سیناتۆرەکان لەکاتی پرۆسەی لێپێچینەوەکەدا بۆ نوسینی تێبینی و وەڵامەکانیان.

یانزەیەم: ڕێگەدان بە جۆن رۆبەرتس، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ بڕیاردان لەسەر بانگهێشکردنی شایەتەکان و رەوانەکردنی بەڵگەکان.

بەڵام جگە لە داواکاریی دەیەم کە تێیدا یەکێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکانیش دەنگی بە پەسەندکردنیدا، هەموویان بە دەنگی ٥٣ بە ٤٧ رەتکرانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، میچ مەکۆنێڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داواکارییانە و زیاتر لە ١٢ کاتژمێر دانیشتن و گفتوگۆکردن، هەندێک گۆڕانکاریی لە داڕشتنەکەیدا کرد کە دواتر بە دەنگی ٥٣ بە ٤٧ دەنگیپێدرا و وابڕیارە ئەمشەو بەکاتی کوردستان، ئەنجومەنەکە دووبارە کۆببێتەوە وبە فەرمی دەست بە پرۆسەی لێپێچینەوەکە بکات.

لە داڕشتنە دەستکاریکراو و پەسەندکراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی پیران تاوتوێی پرۆسەی لێپێچینەوەکە دەکات و هەرلایەک (دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لێپێچینەوەکە لە دیموکراتەکان و پارێزەکانی ترەمپ) سێ رۆژیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بەڵگەکانیان بخەنەڕوو لە ماوەیەکی ٢٤ کاتژمێریدا، هاوکات، هەر بەڵگەیەکی دەستەی دیموکراتەکان، بە مەرجێک لەلایەن تیمی سەرۆکەوە تێبینی لەسەر نەدرێت، بەبێ دەنگدان لەسەری پەسەند دەکرێت.

بە چ تۆمەتێک ترەمپ دادگایی دەکرێت؟

یەکەم: بەکارهێنانی کورسی سەرۆکایەتی بۆ بەدەستهێنانی مەرامی تایبەتی باس لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی (ترەمپ دەقی پەیوەندییەکانی بڵاوکردووەتەوە و لەناوەڕاستی دانیشتنەکەی شەوی رابردووشدا، لە سویسراوە تویتێکی کرد و نوسیبوی، "دەقی پەیوەندییەکە بخوێننەوە") نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکەن کە تێیدا، ترەمپ، داوای دادگاییکردنی هەنتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدنی جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و کاندیدی رکابەری سەرەکی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ١١ی ئەمساڵی ئەو وڵاتە، لە سەرۆکە ئۆکرانییەکە کردووە.

دووەم: دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا.

بۆ یەکلایی کردنەوەی پرۆسەکە لە کۆتاییدا دەنگی دوو لەسەر سێی هەر ١٠٠ ئەندامەکەی دەوێت، ئەمە لە کاتێکدا کۆماریەکان ٥٣ ئەندامیان هەیە و دیموکراتەکان ٤٥ ئەندام و دوو ئەندامی بێلایەنیش هەیە کە زۆربەی کات دەنگیان لەگەڵ دەنگی دیموکراتەکاندایە.

لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا چی روودەدات؟

پرۆسەی دادگاییکردنی ترەمپ، دوێنێ سێشەممە، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ئەمریکا لەبینای کۆنگرێس لە واشنتۆن، پایتەختی ئەمریکا دەستیپێکرد و  بە شەش قۆناغدا تێدەپەڕێت کە پێدەچێت لە ڕووی کاتەوە دوو بۆ سێ هەفتە بخایەنێت.

قۆناغەکان:

یەکەم: دەنگدان لەسەر یاسایەک یاخود رێوشوێنێک بۆ ئیدارەکردن و ڕێکخستنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە ڕووی (چۆنێتی ئیدارە کردنی کات و بەشداریکردنی ئەندامەکان و رۆتیناتی بەڕێوەبردن).

دووەم: هەر لایەنە و وتاری دەستپێک پێشکەشدەکات (دوو لایەنی سەرەکی لەوێ دەبن، دەستەی بەڕێوەبەرانی لێپێچینەوە کە حەوت ئەندامی دیموکراتن، لەوانە ئادەم شێف، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لەگەڵ جیراڵد نادڵەر، سەرۆکی لیژنەی دادوەری و پێنج ئەندامەکەی دیکەش ئەندامن لەهەردوو لیژنەی هەواڵگری و دادوەری لە ئەنجومەنی پیران. لایەنی دووەم بریتین لە تیمی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ کە پێدەچێت ژمارەیان لە نێوان سێ بۆ پێنج دادوەردا بێت.

سێیەم: لەم قۆناغەدا هەر لایەنە و ( دیموکرات و کۆماریەکان) کەیسی خۆی پێشکەشدەکات، واتە دەستەی بەڕێوەبەرانی پرسی لێپێچینەوەی سەر بە دیموکراتەکان، لەگەڵ دادوەرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆک و رەخنە گرتن لە کەیسی تۆمەتەکانی دیموکراتەکان.

چوارەم: دواتر سیناتۆرەکان (واتە هەر ١٠٠ ئەندامەکەی ئەنجومەنی پیران) هەردوو سیناریۆکەیان لەبەردەستە و وەک ئەوەی سوێندیان خواردووە بێلایەنی خۆیان پیشاندەدەن و دەست بە پرسیار کردن و لێکٶڵینە و داواکردنی زانیاری زیاتر لەهەردوولا دەکەن، بێ لایەنانە و بە ئامانجی داکۆکیکردن لەسەروەری یاسا و دەستوری ئەمریکی، بەوپێیەی ژمارەیان ١٠٠ ئەندامە و پرسیاریان زۆر دەبێت رەنگە ئەم پرۆسەیە چەند رۆژێکی پێبچێت.

پێنجەم: پرسی دانپێدانانی شایەتەکان و لێکٶڵینەوە لە دانپێدانانەکانیان دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، لەم هەنگاوەدا هەموو دیموکراتەکان لەگەڵ ئەوەن کە دەبێت شایەتەکان ئامادەبن لە رۆژی دادگاییکردنەکە بۆ ئەوەی لە زاری خۆیەوە دانپێدانانەکانیان ببیسترێت، بەتایبەت جۆن بۆڵتن، راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشوو لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە تایبەتن بە کاری ئیداری و ژمێریاری، تا ئێستا چوار ئەندامی دیکەی کۆماریەکانیش دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکانە و پێیانوایە دەبێت شایەتەکان ئامادەبن بۆ دانپێدانان و باسکردنی زانیاریەکان لە زاری خۆیانەوە، بۆ ئەوەی ئیدارەی دادگایی کردنەکە ڕازی ببێت بە بانگکردنی شایەتەکان و دەبێت دەنگی لەسەر بدرێت و بە ٥٠ کۆی یەکی دەنگەکان، شایەتەکان لە رووی یاساییەوە ناچار دەکرێن ئامادەی دادگاییکردنەکە ببن.

شەشەم: کاتی بڕیاردان دێت و سیناتۆرەکان بە پێی ئەوەی گوێیان لێبووە و باوەڕیان پێیەتی دەنگدەدەن لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک یان پێدانەوەی متمانە و هەڵوەشاندنەوەی پرسەکە، لەئەگەری هەبونی دەنگی پێویست (٦٧ دەنگی بەڵێ)، راستەوخۆ دۆناڵد ترەمپ لەسەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەمریکا لادەبرێت و جێگرەکەی دەبێتە سەرۆک تا هەڵبژاردنی داهاتوو، لەم حاڵەتەدا دۆناڵد ترەمپ بە پێی یاسا بۆی نییە جارێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی خۆی کاندید بکاتەوە. ئەگەر هاتوو جێگرەکەی نەیتوانی یان ئامادەنەبوو بچێتە جێگەکەی ئەوا نانسی پێڵوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێتە سەرۆک تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتوو لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.

بۆ یەکلایی کردنەوەی پرۆسەکە لە کۆتاییدا دەنگی دوو لەسەر سێی هەر ١٠٠ ئەندامەکەی دەوێت، ئەمە لە کاتێکدا کۆماریەکان ٥٣ ئەندامیان هەیە و دیموکراتەکان ٤٥ ئەندام و دوو ئەندامی بێلایەنیش هەیە کە زۆربەی کات دەنگیان لەگەڵ دەنگی دیموکراتەکاندایە.

لە مانگی رابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە تۆمەتی بەکارھێنانی کورسی دەسەڵات بۆ مەرامی تایبەتی و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئەنجومەنەکە، دەنگی بە لێپێچینەوە و ناردنی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی پیران دا و واچاوەڕواندەکرێت کە پاش پرۆسەی تاوتوێکردنی بەڵگەکان بە چاودێری سەرۆکی دادگای باڵای دادپەروەریی وڵات، سیناتۆرەکان دەنگ بە تاوانباربوون یان نەبوونی ترەمپ بدەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مێژووی ئەمریکادا دوو سەرۆکی دیکە رووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەنجومەنی پیران بوونەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە بیڵ کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٩ و ئەندرو جۆنسن لە ساڵی ١٨٦٨دا. لە هەردوو لێپێچینەوەکەشدا، نەتوانراوە دەنگی دوو لەسەر سێی سیناتۆرەکان بۆ لابردنیان لە سەرۆکایەتی بەدەستبهێنرێت.