سەردێڕ:

عێراق.. لە دوو رۆژدا ١٠ خۆپیشاندەر کوژراون

فۆتۆ: 
2020-01-21

1667 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن و کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤیش ئامارى دوو رۆژى رابردووی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە ١٠ کەس کوژراون و ١٥٠ کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ٨٠ کەسیش دەستگیرکراون.

راوێژکارى پێشووى عادل عەبدولمەهدیش داواى لە خۆپیشاندەران کرد، لە هەریەک لە پارێزگاکاندا کاندیدى خۆیان دیاری بکەن بۆ سەرۆک وەزیران، چونکە حزبە سیاسییەکان کاندیدێکى نیشتیمانى دیاری ناکەن، مەگەر ئەو کاندیدە ئینتماى بۆ خۆیان هەبێت.

لە دواى تەواوبوونى مۆڵەتى خۆپیشاندەران بە دەسەڵاتداران، توندوتیژییەکان کوژران و برینداربوونیان لێکەوتەوە و داخستنى رێگەکانیش، دیارترین شێوازى فشارە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بۆ سەر حکومەت.

لە شارى بەغدا خۆپیشاندەران رێگەى سەرەکى محەمەد قاسم و رێگەیەکى نزیک یاریگاى شەعبیان داخست و هەروەها هەوڵیاندا گۆڕەپانى تەیارانى نزیک لە گۆڕەپانى تەحریر دابخەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گولـلەى پلاستیکى و گازى فرمێسکرێژ رووبەڕوویان بوونەوە و بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندەرێک کوژرا و زیاتر لە ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.

شانەى راگەیاندنى ئەمنیش رایگەیاند، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە رووبەرووبونەوەکانیان لەگەڵ خۆپیشاندەران بریندار بوون، کە یەکێکیان بە فیشەک بووە. بەپێى راگەیەنراوەکە، چەند کەسێک بە چەکى بێدەنگ لە دوڕیانى قورتوبە هێرشیانکردووەتەسەر هێزە ئەمنییەکان. لە شارى بەعقوبەش سەرچاوە پزیشکییەکان رایانگەیاند، بریندارێکى خۆپیشاندانەکانى رۆژى ٢٠ى ئەم مانگە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستدا

لە پارێزگاى کەربەلاش خۆپیشاندەران بۆ دووەم رۆژى لەسەریەک درێژەیان بە هەوڵەکانى زیادکردنى فشارەکانیاندا و لە هەوڵى داخستنى چەند رێگایەکدا بوون، هێزە ئەمنییەکانیش بە گازى فرمێسکڕێژ رێگییان لەو هەوڵەى خۆپیشاندەرانیان کرد.

لە شارى نەجەفى دراوسێى کەربەلاش، خۆپیشاندەران توانیان رێگاى فڕۆکەخانەى نەجەف و چەند رێگەیەکى دیکەى شارەکە دابخەن.

هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە، لە پارێزگای زیقار زۆربەى پرد و رێگە سەرەکییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخران، هەروەها زۆربەى فەرمانگەکانیش دەوامیان تێدا نەکرا.

بەڵام لە پارێزگاى بەسرە بارودۆخەکە هێمنتر بووە و سەرچاوەکان باس لە هیچ هەڵکشانێکى ئەوتۆى فشار و توندوتیژییەکان ناکەن.

لەلایەکی دیکەوە کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ، ئامارى دوو رۆژى رابردووی خۆپیشاندانى شارە جیاوازەکانى عێراقى بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە ١٠ کەس کوژراون و ١٥٠ کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ٨٠ کەسیش دەستگیرکراون.

سەبارەت بە هەوڵەکانی دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێش، لەیس شبر، راوێژکارى پێشووى عادل عەبدولمەهدى، داواى لە خۆپیشاندەران کرد، لە هەریەک لە پارێزگاکاندا کاندیدى خۆیان دیاری بکەن، چونکە حزبە سیاسییەکان کاندیدێکى نیشتیمانى دیاری ناکەن، مەگەر ئینتماى بۆ خۆیان هەبێت.

هاوکات محەمەد عەلاوى، یەکێک لەو کەسانەى کە لە چەند رۆژى رابردوودا وەکو کاندید ناوى دەهێنرا، رەتیکردەوە بەهۆى فشارى هێزە سیاسیەکانەوە لە کاندیدى سەرۆک وەزیران کشابێتەوە. عەلاوى جەختى لەوەش کردەوە، ئەگەر وەک سەرۆک وەزیریان دیاری بکرێت، کابینەى حکومەتەکەى لەسەر بناغەى پشکپشکێنەى حزبایەتى شکستخواردووە پێکناهێنێت.