سەردێڕ:

مژدە مەحمود: یەکێتى خەریکە تەندروستیى سلێمانى لەپێناو نەخۆشخانەى تایبەت وێران دەکات

فۆتۆ: 
2020-01-21

13505 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان ریگەیاند، "یەکێتی وەک چۆن لە هەموو ڕوویەکەوە سلێمانی وێران کردووە، خەریکە تەندروستیەکەشی لەپێناو کۆمپانیاکان و نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت وێران دەکات."

مژدە مەحمود لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسیویەتى، "سلێمانی وەک هەموو شارەکانی تر بەتەواوی پەراوێز خراوە لە زۆر رووەوە، کۆتا وێرانکاریی کە خەریکن دەسەڵاتدارانی ئەم شارە بیکەن کەرتی تەندروستیە".

دەشڵێت، "ماوەیەک پێش ئێستا نەخۆشخانەی فریاکەوتنی لای زانکۆی سلێمانی داخست، نەخۆشخانەی شاریش لۆدی زۆر لەسەرە و فریاناکەوێت و ئەوەتا نەخۆش گیان لەدەستدەدات."

پەرلەمانتارەکەى نەوەى نوێ ئەوەش خستووەتەڕوو، "هەموو ئەوانەش بۆ ئەوەیە کە خەڵک بڕوای بە نەخۆشخانە گشتیەکان نەمێنێت و ڕوو بکەنە نەخۆشخانە تایبەتەکان، کە خەڵکی برسیکراوی کوردستان ناتوانێ بچێتە ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە و ئەوەش حاڵی نەخۆشخانە حکومییەکانە."

ئەو وتانەى مژدە مەحمود دواى ئەوە دێت کە هەواڵى گیانلەدەستدانى نەخۆشێک بەناوى تارق حەمید لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى بڵاوبووەوە و عومەر عینایەت پەرلەمانتارى پێشووى پەرلەمانی کوردستانیش کە کەسوکارى نەخۆشەکە بووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو هاوڵاتییە کە پیشەى پێشمەرگەیە دواى برینداربوونى، چوار رۆژ لەنەخۆشخانە ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا هیچ نەشتەرگەرییەکى بۆ نەکراوە و بریندارەکە نەبراوەتە بەشى چاودێرى ورد.

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمیش لە نوسراوێکدا تەندروستى سلێمانى راسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوى گیانلەدەستدانى تارق بکەن لە نەخۆشخانەى شار.