سەردێڕ:

ئەمریکا.. پرۆسەی دادگاییکردنی ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران دەستیپێکرد

هۆڵی ئەنجومەنی پیران
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-21

4604 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆسەی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ترەمپی دەستپێکرد و بەرپرسی سیناتۆرە کۆمارییەکانیش داوای لێپێچینەوەیەکی کورت و خێرا دەکات.

هەردی ئەنوەر، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پرۆسەی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە دەستیپێکرد و میچ مەکۆنێڵ، بەرپرسی سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران داوای لێپێچینەوەیەکی کورت و خێرا دەکات و بۆ ئەوەش، پێشنیاری بەکارهێنانی چەند یاسایەکی لەکاتی پرۆسەکەدا کردووە کە تێیدا، هیچ بەڵگەیەکی نوێ و شایەتیدانێک بوونی نابێت.

ئەمڕۆ لە ئەمریکا چی روودەدات؟

پرۆسەی دادگاییکردنی ترەمپ، ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ئەمریکا لەبینای کۆنگرێس لە واشنتۆن دیسی دەستیپێکرد و  بە شەش قۆناغدا تێدەپەڕێت کە پێدەچێت لە ڕووی کاتەوە دوو بۆ سێ هەفتە بخایەنێت.

قۆناغەکان
:

یەکەم: دەنگدان لەسەر یاسایەک یاخود رێوشوێنێک بۆ ئیدارەکردن و ڕێکخستنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە ڕووی (چۆنێتی ئیدارە کردنی کات و بەشداریکردنی ئەندامەکان و رۆتیناتی بەڕێوەبردن).

دووەم: هەر لایەنە و وتاری دەستپێک پێشکەشدەکات (دوو لایەنی سەرەکی لەوێ دەبن، دەستەی بەڕێوەبەرانی لێپێچینەوە کە حەوت ئەندامی دیموکراتن، لەوانە ئادەم شێف، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لەگەڵ جیراڵد نادڵەر، سەرۆکی لیژنەی دادوەری و پێنج ئەندامەکەی دیکەش ئەندامن لەهەردوو لیژنەی هەواڵگری و دادوەری لە ئەنجومەنی پیران. لایەنی دووەم بریتین لە تیمی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ کە پێدەچێت ژمارەیان لە نێوان سێ بۆ پێنج دادوەردا بێت.

سێیەم: لەم قۆناغەدا هەر لایەنە و ( دیموکرات و کۆماریەکان) کەیسی خۆی پێشکەشدەکات، واتە دەستەی بەڕێوەبەرانی پرسی لێپێچینەوەی سەر بە دیموکراتەکان، لەگەڵ دادوەرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆک و رەخنە گرتن لە کەیسی تۆمەتەکانی دیموکراتەکان.

چوارەم: دواتر سیناتۆرەکان (واتە هەر ١٠٠ ئەندامەکەی ئەنجومەنی پیران) هەردوو سیناریۆکەیان لەبەردەستە و وەک ئەوەی سوێندیان خواردووە بێلایەنی خۆیان پیشاندەدەن و دەست بە پرسیار کردن و لێکٶڵینە و داواکردنی زانیاری زیاتر لەهەردوولا دەکەن، بێ لایەنانە و بە ئامانجی داکۆکیکردن لەسەروەری یاسا و دەستوری ئەمریکی، بەوپێیەی ژمارەیان ١٠٠ ئەندامە و پرسیاریان زۆر دەبێت رەنگە ئەم پرۆسەیە چەند رۆژێکی پێبچێت.

پێنجەم: پرسی دانپێدانانی شایەتەکان و لێکٶڵینەوە لە دانپێدانانەکانیان دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، لەم هەنگاوەدا هەموو دیموکراتەکان لەگەڵ ئەوەن کە دەبێت شایەتەکان ئامادەبن لە رۆژی دادگاییکردنەکە بۆ ئەوەی لە زاری خۆیەوە دانپێدانانەکانیان ببیسترێت، بەتایبەت جۆن بۆڵتن، راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشوو لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە تایبەتن بە کاری ئیداری و ژمێریاری، تا ئێستا چوار ئەندامی دیکەی کۆماریەکانیش دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکانە و پێیانوایە دەبێت شایەتەکان ئامادەبن بۆ دانپێدانان و باسکردنی زانیاریەکان لە زاری خۆیانەوە، بۆ ئەوەی ئیدارەی دادگایی کردنەکە ڕازی ببێت بە بانگکردنی شایەتەکان و دەبێت دەنگی لەسەر بدرێت و بە ٥٠ کۆی یەکی دەنگەکان، شایەتەکان لە رووی یاساییەوە ناچار دەکرێن ئامادەی دادگاییکردنەکە ببن.

شەشەم: کاتی بڕیاردان دێت و سیناتۆرەکان بە پێی ئەوەی گوێیان لێبووە و باوەڕیان پێیەتی دەنگدەدەن لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک یان پێدانەوەی متمانە و هەڵوەشاندنەوەی پرسەکە، لەئەگەری هەبونی دەنگی پێویست (٦٧ دەنگی بەڵێ)، راستەوخۆ دۆناڵد ترەمپ لەسەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەمریکا لادەبرێت و جێگرەکەی دەبێتە سەرۆک تا هەڵبژاردنی داهاتوو، لەم حاڵەتەدا دۆناڵد ترەمپ بە پێی یاسا بۆی نییە جارێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی خۆی کاندید بکاتەوە. ئەگەر هاتوو جێگرەکەی نەیتوانی یان ئامادەنەبوو بچێتە جێگەکەی ئەوا نانسی پێڵوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێتە سەرۆک تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتوو لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.

بۆ یەکلایی کردنەوەی پرۆسەکە لە کۆتاییدا دەنگی دوو لەسەر سێی هەر ١٠٠ ئەندامەکەی دەوێت، ئەمە لە کاتێکدا کۆماریەکان ٥٣ ئەندامیان هەیە و دیموکراتەکان ٤٥ ئەندام و دوو ئەندامی بێلایەنیش هەیە کە زۆربەی کات دەنگیان لەگەڵ دەنگی دیموکراتەکاندایە.

لەسەر داواکەی میچ مەکۆنێڵ، چەک شومەر، بەرپرسی سیناتۆرە دیموکراتەکان رایگەیاند، ئەوان لێپێچینەوەیەکی دەستورییان دەوێت.

لە مانگی رابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە تۆمەتی بەکارھێنانی کورسی دەسەڵات بۆ مەرامی تایبەتی و ئاستەنگ درووستکردن بۆ ئەنجومەنەکە، دەنگی بە لێپێچینەوە و ناردنی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی پیران دا و واچاوەڕواندەکرێت کە پاش پرۆسەی تاوتوێکردنی بەڵگەکان بە چاودێری سەرۆکی دادگای باڵای دادپەروەریی وڵات، سیناتۆرەکان دەنگ بە تاوانباربوون یان نەبوونی ترەمپ بدەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مێژووی ئەمریکادا دوو سەرۆکی دیکە رووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەنجومەنی پیران بوونەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە بیڵ کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٩ و ئەندرو جۆنسن لە ساڵی ١٨٦٨دا. لە هەردوو لێپێچینەوەکەشدا، نەتوانراوە دەنگی دوو لەسەر سێی سیناتۆرەکان بۆ لابردنیان لە سەرۆکایەتی بەدەستبهێنرێت.


هـ.ب