سەردێڕ:

سویسرا.. سبەى کۆڕبەندی ئابورى داڤۆس بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2020-01-20

1779 جار خوێندراوەتەوە

کۆڕبەندی ئابورى داڤۆس بە بەشداری چەندین سەرکردە و سەرمایەدار و هونەرمەند لە شاری داڤۆسی سویسرا بۆ جاری پەنجایەم بەڕێوەدەچێت، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری بکات.

سبەینێ سێشەممە،٢١ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠ پەنجاهەمین کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا، بەناونیشانی لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا دەستپێدەکات، کە هەر لە لوتکەکەدا گفتوگۆ دەربارەی چەندین پرسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکرێت و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت.

لە کۆڕبەندەکەدا باسی سوتانی بەشێک لە دارستانەکانی ئەمازۆن و ئوستورالیا و گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەسارەی زەوی و ململانێ و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت.

هاوکات لە کۆڕبەندی ئەمجارەی داڤۆسدا، نزیکەی سێ هەزار کەس لە سەرکردەی وڵاتان و هونەرمەند و ئابوریناس و سەرمایەدار بەشدار دەبن، کە سێ بەشی ئەو ژمارەیەش سەرمایەدارانی جیهانن، لە ناویشیاندا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداری دەکات و باس لە چۆنیەتی ئارامکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و له‌ دانیشتنێکی داڤۆسدا به‌ ناونيشانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگير قسه‌ ده‌کات و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

کۆڕبەندی ئابوری جیهان ناسراو بە داڤۆس، لە ساڵی ١٩٧١ یەکەم کۆڕبەندی لە شاری داڤۆسی سویسرا لەژێر ناونیشانی، باشکردنی دۆخی جیهان، دەستپێکرد، لە دوای ئەو ڕێکەوتەشەوە تا ئێستا ساڵانە لە شاری داڤۆس لە سویسرا درێژە بە کارەکانی دەدات.