سەردێڕ:

عێراق.. لە خۆپیشاندانەکاندا شەش کەس کوژران

فۆتۆ: 
2020-01-20

1957 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکانى عێراق توندوتیژییان لێکەوتەوە وبەهۆیەوە شەش کەس کوژران کە دوانیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون و نزیکەى ١٠٠ کەسیش برینداربوون.

ئومێد محەمەد پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا رایگەیاند، لەکاتى بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، هێزە ئەمنییەکان گازى فرمیسکرێژیان بەکارهێناو چوار خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەى ١٠٠ کەسیش برینداربوون، کە ١٤ ئەفسەرى تێدایە، کە یەکێکیان ئامر لیوای فیرقەى یەکى پۆلیسى فیدڕاڵییە.

هاوکات لە پارێزگاى بەسرە دوو پۆلیس کوژران بەهۆى شێلانیان لەلایەن ئۆتۆمبێلێکى مەدەنییەوە لە نێو خۆپیشاندەراندا.

باسیلەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان بە زەبرى هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە و رێگاکانیان کردووەتەوە، بەتایبەتى رێگاى نێوان بەغدا و شارەکانى ناوەراست.

پێشتر عەبدولکەریم خەڵەف وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە لێدوانیکیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، هێزە ئەمنییەكانى سەرپشك كردووە لەدەستگیركردنی ئەوانەى فەرمانگە حکومییەکان و رێگا سەرەکییەکان دادەخەن.

لە سەرەتای مانگى تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەری هەڵداوە و بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق، تا ئێستا ٣١ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش برینداربوون.