سەردێڕ:

بەریتانیا و فەڕەنسا: پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانین

فۆتۆ: 
2020-01-20

1492 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى بەریتانیا رایگەیاند، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا جەختیان لە پابەندبوون بە رێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کردووەتەوە.

وتەبێژی حکومەتی بەڕیتانیا لە دواى کۆبوونەوەى بۆریس جۆنسن و ئیمانوێل ماکرۆن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هەردوولا لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی کار بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران ڕێککەوتوون تاوەکو نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، هەروەها لە کۆبوونەوەکەیاندا لەسەر گرنگیی زیادنەبوونی گرژییەکان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانیاندا لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە رێککەوتوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەوەی تاران رێزی لە پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە نەگرتووە، ناکۆکییە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران یەکلایی دەکەینەوە".

له‌ ساڵی ٢٠١٥دا رێككه‌وتنێك بۆ رێكخستنی چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی تاران له‌ نێوان ئێران لە لایەک و چین، ئەمریکا، فه‌ڕه‌نسا، رووسیا، به‌ڕیتانیا و ئه‌ڵمانیا لەلایەکی دیکەوە واژوو كرا.

به‌ڵام كاتێك دۆناڵد تره‌مپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا و دەستی بە راپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک سەرۆک کرد، یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌ و ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ئێراندا.