سەردێڕ:

گرانترین دراوى بەریتانيا فرۆشرا

فۆتۆ: 
2020-01-19

6962 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى خزمەتگوزارییەکانى کۆکردنەوەى دراو لە بەریتانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ کارمەندێکیان گرانترین دراوى بەریتانيا، کە وێنەى ئیدواردى هەشتەم پاشاى بەریتانیاى لەسەر بووە کڕیوە.

دراوەکە کە تەمەنى بۆ ساڵى ١٩٣٧ دەگەڕێتەوە، بە یەک ملیۆن جونەیى ئیستەرلینى کە دەکاتە( ملیۆنێک و ٣١٠ هەزار دۆلار) فرۆشراوە، کە دەبێتە گرانترین دراو لە بەریتانیا.

ئەو دراوە یەکێکە لەو شەش دراوەى کە سکەى بەریتانى لە کاتى دەسەڵاتى ئیدواردى هەشتەم لە ساڵى ١٩٣٦ دەریکردووە، و بڕیاربووە لە یەکى کانونى دووەمى ساڵى ١٩٣٧ بخرێتە بازاڕەکانەوە و مامەڵەى پێوەبکرێت.

بەڵام شا ئیدواردى هەشتەم لە مانگى کانونى یەکەمى ١٩٣٦، واتە بەر لە مانگێک لە وادەى بەرهەمهێنان وکارپێکردنى دراوەکە، لە دەسەڵات نەما، ئەوش بەهۆى ئەوەى هاوسەرگیرى لەگەڵ ئافرەتێکى ئەمریکى بەناوى( والیس سیمسۆنى) کرد و بەرهەمهێنانى دراوەکە هەڵوەشایەوە.

ئەو دراوە لە جیهاندا گرنگى پێدراوە، و لە ئاڵتونى عەیارە ٢٢ دروستکراوە و کێشەکەى نزیکەى ٨ گرامە.

شا ئیدواردى هەشتەم تەنها ١٠ مانگ دەسەڵاتى بەریتانیاى بەدەستەوەبووە، دواتر براکەى بەناوى جۆرجى شەشەم بووەتە شاى بەریتانیا و باوکى ئەلیزابێسى دووەم کە ئێستا شاژنى ئەو وڵاتەیە.

‌بەپەلە