سەردێڕ:

لوتکەى لیبیا بە بەشداری سەرکردەی چەند وڵاتێک بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2020-01-19

1351 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە لوتکەى لیبیا بە بەشدارى ئەمریکا و روسیا و تورکیا و بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەمنى وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.

لە لوتکەکەدا سەرۆکانی روسیا، تورکیا و فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرکردەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری دەکەن و کاری لەپێشینەى کۆڕبەندەکەش گەیشتنە بە ئاگربەست لە لیبیا.

هاوکات بەر لە رۆیشتننى بۆ ئەڵمانیا ئەمڕۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا رایگەیاند، "نابێت ئه‌و ئومێدانه‌ی لە ئاگربه‌ست و لوتكه‌ی به‌رلین چاوەڕوان دەکرێت بكرێن به‌ قوربانیی چاوچنۆكی بازرگانانی خوێن و پشێوی".

وتيشي، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی تا ئه‌مڕۆ كاردانه‌وه‌ی پێویستی دژبه‌ هێرشه‌كانى حه‌فته‌ر نیشان نه‌داوه‌.

هاوكات مایک پۆمپیۆش وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، لەجیاتى دۆناڵد تڕەمپ بەشدارى لە لوتکەى لیبیا دەکات بۆ کارکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی وڵاتەکە.

بەڕێوەچوونى لوتکەى لیبیا دواى ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە دێت کە ماوەیەکە لەنێوان چەکدارانى خەلیفە حەفتەر و حکومەتى وڵاتەکەدا هەیە دوێنێش گروپێكی چەکداری سه‌ر به‌ خه‌لیفه حه‌فته‌ر بۆ وه‌ستاندنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌نده‌ری زوه‌یتینه‌یان لە لیبیا داخست.