سەردێڕ:

یەمەن.. بەهۆى هێرشێکەوە ٧٠ سەرباز کوژران

فۆتۆ: 
2020-01-19

8353 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە سوپای یەمەن رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی حوسییەکان بۆسەر سەربازگەیەکی سوپاکەیان، ٧٠ سەرباز کوژران.

سەرچاوەکەى سوپای یەمەن بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکە بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى "قاسم" کراوەتە سەر سەربازگەیەکى سوپاکەیان لە پارێزگاى مەئرەبی ناوەڕاستى وڵاتەکە و بەوهۆیەشەوە ٧٠ سەرباز کوژراون و ژمارەیەک سەربازی دیکەش برینداربوون.

لەبارەى هێرشەکەوە عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن ئەوەى خستووەتەڕوو، ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئەوە دەردەخات کە چەکدارانى حوسی خواستیان بۆ ئاشتی نییە لە یەمەن.

پێشتریش سەرچاوەیەک لە سوپای یەمەن رایگەیاندبوو، حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتەوە سەر بەشی پێشوازیکردن لە سەربازانی نوێ لە لیوای چواری رۆژئاوا لە پارێزگای مەئرەب.

تا ئێستاش لە لایەن حوسییەکانەوە هیج روونکرنەوە و زانیارییەک لەوبارەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ساڵانێکە شەڕى نێوان چەکدارانى حوسی و سوپاى یەمەن لە وڵاتەکە بەردەوامە و لەئێستاشدا هاوپەیمانێتى عەرەبی بە سەرۆکایەتى سعودییە پاڵپشتى سوپاى یەمەن و ئێرانیش پاڵپشتى لە چەکدارانى حوسی دەکات، بەهۆى شەڕ و پێکدادانەکانیشەوە هەزاران هاوڵاتى کوژران و برینداربوون.