سەردێڕ:

بەغدا.. خۆپیشاندەران ڕێگاکانی گۆڕەپانی تەیەرانیان داخستووە

چەندین خۆپیشاندەر برینداربوون
فۆتۆ: 
2020-01-19

1747 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەردەوامە و لە ئێستادا خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانی گۆڕەپانی تەیەرانیان لە ناوەڕاستى بەغدا داخستووە و بەهۆى گازی فرمێسکڕێژیشەوە چەندین خۆپیشاندەر برینداربوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ئەمڕۆ ژمارەیەکی زیاتریان کۆبوونەتەوە و ڕێگاکانیان داخستووە.

ئەوەشی وت، خۆپیشاندەران هەڕەشەى فراوانترکردنی  سنوری خۆپیشاندانەکان دەکەن  ئەگەر هێزە ئەمنییەکان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ بکەن.

هاوکات لە هەردوو شاری نەجەف و ناسریە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و خۆپیشاندەران لە چەند شوێنێکى شارەکاندا ڕێگاکانیان داخستووە.

 ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە شارى بەغدا، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە نزیک پرى سینەک روویدا و ئاژانسى رۆیتەرزیش رایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ کەسێک کوژراوە و ٢٥ى دیکەش بریندار بوون.

لەو بارەیەشەوە عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "چەند کەسانێک کە بە ( تێکدەر) ناویاندەبات، هێرشیانکردووەتە سەر بەربەستەکانى پردى سینەک لە ناوەڕاستى شارەکە".

هاوکات هەوڵەکان بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و لە دواترین هەوڵیشدا کە ناوەندى تاوانەکانى جەنگ بڵاویکردووەتەوە، ئەحمەد فازل چالاکوانێکی مەدەنییە، ، لە کاتى گەڕانەوەى لە گۆڕەپانى تەحریر لەلایەن میلیشیاکانەوە رفێنراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەری هەڵداوە و بەو هۆیەشيوە بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی لە عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٢٩ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش بریندارن.