سەردێڕ:

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ئاوەکانی تورکیادا خنکاون ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-18

3588 جار خوێندراوەتەوە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لیستی ئاماری گرتن و خنکانی پەنابەرانی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە لە ساڵی ڕابردوودا ٢١٥ پەنابەر خنکاون.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، لیستی ئاماری دەستگیرکردن و خنکانی پەنابەرانیان بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکەن، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ ئامارەکە زیاتر بووە.

بەپێی ئامارەکەی ئەو فیدراسیۆنە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢١٥ پەنابەر لە دەریای ئیجەدا خنکاون و ٢٠ پەنابەریش لە ناوشارەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، ڕاشیانگەیاندووە، "ژمارەی ڕزگارکراوانی ناو دەریای ئیجەش ٦٠ هەزار کەس بووە".

هەر لە ئامارەکەشدا هاتووە، "لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤١٨ هەزار و ٤١ پەنابەر دەستگیرکراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەو ئامارە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٥٤ هەزار و ٦٦٢ پەنابەر".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لە نێوان ئەو ژمارەیەدا، ١٢ هەزار و ٩٧ پەنابەر عێراقی بوون، هاوکات پەنابەرانی ئەفغانیش بە پلەی یەکەم دێن کە ژمارەیان ٢٠١ هەزار و ٤٣٧ پەنابەرە".

دەربارەی قاچاغچیانی ئەو رێگەیەش باس لەوەکراوە، "لە ساڵی ٢٠١٩دا هەشت هەزار و ٩٩٦ قاچاغچی دەستگیرکراون، تەنها لە ١٧ ڕۆژی سەرەتای ٢٠٢٠یشدا ١٣٠ پەنابەری عێراقی و  ١٥٦ قاچاغچی دەستگیرکراون".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانە بە هەزاران پەنابەر لە چەندین ناوچەوە بە ڕێگەی نایاسایی ڕوولە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن، بە مەبەستی ئەوەی لەوێ ژیانێکی شایستەتر بۆ خۆیان پەیدا بکەن، هاوکات عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانی ساڵانە بە هەزاران هاوڵاتی تیایدا ڕوو لەو ڕێگەیە دەکەن، بەشێوەیەکی تایبەتیش لە ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، هاوڵاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کرد.


هـ.ئـ