سەردێڕ:

روسيا: نزیکەى ١٠ هەزار تیرۆریست لە سوریا ماون

فۆتۆ: 
2020-01-17

1768 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، نزیکەى ١٠ هەزار تیرۆریست لە رۆژهەڵاتی فوراتدان، لە سوریا و ئەرکی لەپێشینەی روسیاش رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەکەدا.

میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی قەیرانی سوریا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و بەرەو چارەسەر دەڕوات، بەڵام نزیکەى ١٠ هەزار تیرۆریست لە رۆژهەڵاتی روبارى فورات، لە سوریادا بوونیان هەیە و ئەرکی لەپێشینەی روسیاش رووبەڕووبوونەوەیانە.

وەزیری دەرەوەی روسیا راشیگەیاندووە، ئەوان لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکەن کە باس لە ئازادکردنی چەکدارانى داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا دەکەن، کە گوایە هەسەدە بە نرخێکى گونجاو ئازادیان دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی تورکیا بە هاوکاری گروپە چەکدارە سورییەکانی نزیک لەخۆی هێرشی سەربازی کردە سەر رۆژئاوای کوردستان، دواتر، بە ناوبژیوانی روسیا، هەسەدە و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رێککەوتنێکی سەربازییان کرد و بەوەش سوپای سوریای ئەسەد گەڕایەوە ناوچە سنورییەکانی نێوان تورکیا – سوریا.