سەردێڕ:

وردەکاریى نوێى هێرشەکەى سەر بنکەى عین ئەسەدى ئەمریکییەکان ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-16

25185 جار خوێندراوەتەوە

هێرشە موشەکييەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا لە عێراق لە هەشتی ئەم مانگەدا هەواڵێکی گەرم بوو، لە راپۆرتێکدا وردەکاری پێش هێرشەکە و پچڕانی پەيوەندی سەربازەکانی ناو بنکەکە لەگەڵ فڕۆکەکانی چاودێريدا خراوەتەڕوو.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی سێی کانونی دووەم لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران، پێنج رۆژ دواتر ئێران بە موشەکبارانکردنی بنکەی عەین ئەسەد و بنکەیەکی تری ئەمریکیەکان لە هەولێر، هەڕەشەکانی بۆ تۆڵە سەندنەوە جێبەجێ کرد.

ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد وردەکاری پێش هێرشەکە و پچڕانی پەيوەندی سەربازەکانی ناو بنکەکەی لەگەڵ فڕۆکەکانی چاودێريدا خستۆتەڕوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چەند خولەکێک پێش کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان سەربازانی ناو بنکەکە پەيوەندييان پچڕاوە لەگەڵ ئەو فڕۆکانەی کە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە و زانيارييان پێدەدان لەسەر هێرشيکە.

لە شەوی ڕوداوەکەدا حەوت فڕۆکەی جۆری (ئێم کيو وەن سی) لە ئاسمانی ناوچەکە و نزيک بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا دەسوڕانەوە بۆ چاودێريکردنی دۆخەکە.

يەکێک لە فڕۆکەوانەکان بەناوی کۆستن هاروين باس لەوە دەکات چاوەڕێی هێرشێکی زەمينی بوون نەک ئاسمانی هەربۆيەش بەردەوام بوون لە چاودێريکردن، دەشڵێت دوو کاتژمێر پێش هێرشەکە لەلايەن بەرپرسەکانيانەوە زانيارييان پێدراوە لە ڕوودانی هێرشەکە.

بەرپرسانی سەربازگەکە ئاماژە بەوە دەکەن پێش هێرشەکە، هەزار و ٥٠٠ سەرباز لەناو سەربازگەکەدا هەبوون، بەڵام کاتێک ئاگادار کراونەتەوە لە هێرشەکە و خۆيان حەشارداوە، جگە لە ١٤ فڕۆکەوان کە لەناو کۆنتێنەری دەوری بنکەکە خۆيان حەشاردابوو بەمەبەستی چاودێريکردنی ئەو زانيارييانەی لە کامێراکانی چاودێرييەوە پێيان دەگەيشت.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە يەکەم موشەک بەر يەکێک لەو کۆنتەينەرانە کەوتووە، بەڵام کەسی تێدا نەبووە، دواتر يەک لەداوی يەک موشەکەکان کەوتونەتە خوارەوە.

هەر بەوتەی سەربازان موشەکبارانەکە بە دوو قۆناغ کراوە و مەودای نێوانیان ١٥ خولەک بووە، و لەو بڕوایەدان کە ئەو مەودایە بۆ ئەوە رێکخراوە، کە دوای قۆناغی یەکەم و کۆبوونەوەی سەربازان، بکرێنە ئامانجی قۆناغی دووەم و ئاماژە بەوە دەکەن ئامانجی موشەکبارانەکەی ئێران کوشتنی سەربازانی ئەمریکی بووە.

هاوکات بە پێی هەواڵێکی واشنتۆن پۆست لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێک نەکوژراوە، بەڵام چەند سەربازێک بە هۆی لێکەوتەکانی شەپۆلی تەقینەوەی موشەکەکان رەوانەی بنکەی تەندروستی عەین ئەسەد کرابوون و زيانێکی زۆريش بەر بنکەکە کەوتووە.