سەردێڕ:

چیرۆکی پەنابەرانی کورد لە زیندانەکانی ئەوروپادا

فۆتۆ: 
2020-01-15

6253 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لە گرفتەکانی گەیشتن و نەگەیشت و وەرنەگرتنی مافی مانەوە، پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا رووبەڕووی چەندین کێشەی تر دەبنەوە و لەوانەش دەستگیرکردنیان مانەوەیان لە ناو زیندانەکانی وڵاتانی ئەوروپادا.

کۆچبەرانی کورد زۆر جار بەھۆی نەبوونی کارتی نیشتەجێبوونەوە ڕووبەڕووی دەیان کێشە دەبنەوە، ئەوەش وا دەکات سنورەکانی وڵاتانی ئەوروپا ببەزێنن بە مەبەستی وەرگرتنی ئیقامە و ھەندێک جاریش کونجی زیندانەکان دەبێتە شوێنی مانەوەیان.

بەپێی بەدواداچوونێکی ئێن ئاڕ تی چەندین هاوڵاتی کورد چەندین ساڵە لە زیندانەکانی ئەوروپادا دەستبەسەرن و چارەنوسیان نادیارە.

یەکێک لەو کەسانەی کە نزیکەی شەش ساڵە زیندانی کراوە، لە زیندانێکی بەلجیکاوە باسی رەوشی خۆی بۆ ئێن ئاڕ تی کرد.

هەرچەندە نەیانویست ناو و ناسنامەیان ئاشكرا بکرێت، بەڵام جگە لەم کەسە چەندین کەسی تر بەتەلەفۆن لە زیندانەوە قسەیان بۆ ئێن ئاڕ تی کرد و دۆخی خۆیان لە زیندان و داواکارییەکانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کرد و بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکەیان.

هەندێک لەم کەسانە لە سەر سنوری بەلجیکا و فەرەنسا و بەریتانیا دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەوە، وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی ئیقامەی هیچ وڵاتێکیان نییە، چەندینجار ماوەی زیندانیکردنیان بۆ درێژکراوەتەوە.

کارزان  یەکێکی ترە لەو کوردانەی لە لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە، لەڕێی ئەم ئامێرەوە کە بەقاچیەوەیەتی چاودێری دەکرێت.

زیندانیانی ئێرە باس لەوە دەکەن کە ھیچ کەس و لایەنێک خاوەنداریان لێ ناکەن تا ئەو ئاستەی گەر پێویستیان بە بەڵگەیەک بێت زۆر جار نە کونسوڵی عێراق و نە نوێنەرایەتی ھەرێم بۆیان ناکەن یاخود بە ماوەیەکی درێژ وەڵامیان دەدەنەوە.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا نوێنەرایەتی هەرێم چی کردووە و دەتوانێت چی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەنابەرانی کورد بکات، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە کرد لە بەلجیکا بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن.