سەردێڕ:

رۆحانى: پێویستە دادگایەکى تایبەت بە خستنەخوارەوەى فڕۆکەکە پێکبهێنرێت

فۆتۆ: 
2020-01-14

1552 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، پێویستە دادگایەکی تایبەت بۆ پرسی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە پێکبهێنرێت.

حەسەن رۆحانى داوایکردووە، دادگایەکی تایبەت بە بەشداری کەسانی پسپۆڕ پێکبهێنرێت بۆ پرسی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە، چونکە دۆسیەیەک نییە تەنها پەیوەندی بە وڵاتەکەوە بێت، بەڵکو چاوی جیهان لە سەر ئەو دادگایەیە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بە هۆی ئەو شارەزاییەی کە لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیەتی دەزانێت لەو بابەتەدا تەنها یەک کەس تاوانبار نییە و ئەوەی بۆ خەڵکیش گرنگە ئەوەیە کە سەرجەم ئەو کەسانەی تاوانبارن، یان کەمتەرخەمن بە سزای خۆیان بگەن.

باسی لەوەشکرد، راستە ریشەی ئەو کارەساتە بۆ ئەمریکا و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە هەڕەشە و مەترسی لە لایەن ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بەڵام نابێت بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە هۆکارەکانی تر نەکرێت.

سەرۆک کۆمارى ئێران روونیشیکردەوە، خەڵک دەیەوێت بزانێت بۆچی راگەیاندنی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە دواکەوتووە، بۆیە پێویستە بە تەواوەتی ئەوە بۆ خەڵک روونبکرێتەوە.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی ئۆکرانی بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە نزیک تاران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی کە زۆرینەیان ئێرانی بوون گیانیان لەدەستدا.

هەرچەندە سەرەتا دەوترا فڕۆکەکە بە هۆکاری تەکنیکی کەوتوەتە خوارەوە، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی ١١ی ئەم مانگە سوپای پاسداران رایگەیاند، فڕۆکەکە بە هۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانیەوە خراوەتەخوارەوە.