سەردێڕ:

راپۆرتێکى ئەمریکى: ئيسرائيل ڕۆڵى لە کوشتنى قاسم سولەیمانیدا هەبووە

فۆتۆ: 
2020-01-12

10565 جار خوێندراوەتەوە

بە پێى راپۆرتێکى ئەمریکى، ئيسرائيل ڕۆڵى هەبووە لە کوشتنى قاسم سولەیمانى فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى ئێران و پرۆسەکەش لە قەتەرەوە سەرپەرشتى کراوە.

ماڵپەڕی ئێن بى سى هەواڵى ئەمریکى راپۆرتێکى لەسەر وردەکارى کوشتنى قاسم سولەیمانى بڵاوکردەوە و باسیلەوەکردووە، دەزگای هەواڵگرى ئیسرائیل هاوکارى ئەمریکاى کردووە لە پلاندانان بۆ کوشتنى سولەیمانى لە فرۆکەخانەى بەغدا.

بەپێى راپۆرتەکە، هەواڵگرى ئەمریکا سى ئاى ئەى، زۆر بە وردى ئاگادارى کاتى هەستانى فرۆکەکەى سولەیمانى بووە لە دیمەشقەوە بۆ بەغدا، کە زانیارییەکان لەلایەن دوو سیخوڕی هەواڵگرى کە لە فرۆکەخانەى دیمەشق بوون وەرگیراون.

راپۆرتەکە باسیلەوەشکردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکانى ئیسرائیل هاوکاربوون لە دڵنیابوونەوە لە وردەکارییەکان، بەڵام وردەکارییەکانی ئەو هاوکارییە روون نەکراونەتەوە.

بەپێى لێدوانى چەند بەرپرسێکى ئەمریکا کە لێدوانیان بۆ ئێن بى سى داوە، بەچەند رۆژێک پێش کوشتنى، بە وردى ئەمریکا و ئیسرائیل چاودێرى جموجوڵەکانى سولەیمانیان لە ناوچەکە کردووە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەگەڵ نیشتنەوەى فڕۆکەکەى سولەیمانى ( ئیرباس ٣٢٠A) سەر بە کۆمپانیاى باڵى شامى فرۆکەوانى، لە فرۆکەخانەى بەغدا لەبەرەبەیانى سێى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، سیخوڕەکانى ئەمریکا لە فرۆکەخانەى بەغدا هەواڵى گەیشتنى سولەیمانیان بە فرۆکەخانەکە گەیاندووە.

بەپێى راپۆرتەکە، بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا لە چەند پێگەیەکەوە لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکى تر، لەرێگەى چەند شاشەیەکى گەورەوە راستەوخۆ چاودێریی سولەیمانیان کردووە و لەبەرچاویان بووە، کاتێک لە فرۆکەکە دابەزیووە و ئەبومەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى حەشدى شەعبى لە پێشوازیدابووە و چاوەڕوانى بووە.

هاوکات جینا هاسپل سەرۆکى دەزگاى سى ئاى ئەى، لە بارەگاى دەزگاکەوە لە ویلایەتى ڤێرجینیا چاودێرى کردووە و هەروەها مارک ئەسپەر وەزیرى بەرگرى ئەمریکا لە شوێنێکى دیکەوە چاودێرى کردووە.

بەپێى راپۆرتەکەى ئاژانسى ئێن بى سى، هەرچەندە لە نێو شاشەکانى کۆشکى سپى ئەو دیمەنانەى سولەیمانى پەخشکراوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەشوێنى حەوانەوەى لە باخچەى مارالاگوا لە فلۆریدا تەماشاى کردووە.

لە کۆتایى راپۆرتەکەدا هاتووە، سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس لە دوو ئۆتۆمبێلدا بوون لەگەڵ پاسەوان و هاوکارەکانیان، لەڕێگەى سێ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە کە هەریەکەیان چوار موشەکی هێلفایەرى هەڵگرتبوو، بۆردومانکران، و باسیلەوەشکردووە، پرۆسەکەش لە بارەگاى فەرماندەیى ناوەندى سوپاى ئەمریکا لە قەتەر بەڕێوەبراوە.