سەردێڕ:

ئەمریکا هەڕەشەی لاوازکردنی ئابوری عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-01-12

10430 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی فیدرالی لە نیویۆرک دادەخەن.

ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاگاداریکردوونەتەوە، ئەگەر بڕیاری کردنەدەرەوەى هێزەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت، هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک دادەخەن، دەشڵێن، ئەو هەنگاوە زیان بە دارایی و ئابوری عێراق دەگەیەنێت.

روونیشیانکردووەتەوە، هەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقە دەچێتە ناو بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک، تەنانەت پارە بۆ پێدانی موچە و گرێبەستە گشتییەکان لەو بانکە رادەکێشێت.

 رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڕەشەی كردبوو لەوەی ئەگەر بەغدا داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات ئەوا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.

هەڕەشەكەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت، رۆژی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق پەسەندکرد.