سەردێڕ:

​ژمارەیەک جوتیار لە بەردەم شوێنی کۆبوونەوەی عەبدولمەهدی و بەرپرسانی یەکێتیی گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-01-11

3250 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی کۆبوونەوەی بەرپرسانى یەکێتی و عادل عەبدولمەهدی،ژمارەیەک جوتیار بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان لە بەردەم شوێنى کۆبوونەوەکە گردبوونەوە.


سلێمانی، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کارزان تاریق

لەکاتی کۆبوونەوەی بەرپرسانى یەکێتی و عادل عەبدولمەهدی،ژمارەیەک  جوتیار بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان لە بەردەم شوێنى کۆبوونەوەکە گردبوونەوە.

ژمارەیەک جوتیار لەبەردەم ماڵی كۆسرەت رەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەكێتیی لە شاری سلێمانی، گردبوونه‌وه‌ و ئامانجیانە یاداشتێک بدەنە عادل عەبدولمەهدی و تیایدا داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان بکەن لەبەرامبەر رادەستکردنی گەنم لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥و ٢٠١٦دا بە وەزارەتی بازرگانی حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق.

خەلیل ئیبراهیم عەبدوڵڵا کە یەکێکە لەو جوتیارانە ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووە، ئەوان بە نوێنەرایەتیی نزیکەی سێ هەزار جوتیاری سنورەکە یاداشتێکیان ئامادەکردووە و دەیانەوێت رادەستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی بکەن.

لەبارەی ناوەڕۆکی یاداشتەکەیانەوە خەلیل ئیبراهیم عەبدوڵڵا ئەوەشی وتووە"لە یاداشتەکەماندا داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکان دەکەین لەبەرامبەر رادەستکردنی گەنم لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠٢٥و ٢٠١٦دا بە وەزارەتی بازرگانی عێراق".

ئه‌و جووتیاره‌ باسی له‌وه‌شكردووە، جوتیارانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڕی ٥٧٠ ملیار دیناریان لە لای حکومەتی عێراق ماوە.

تائێستا بڕێک لە پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێم کە لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥و ٢٠١٦دا، ڕادەستکراوە، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە به‌ جوتیاران نەدراوە.

مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دادگاى ره‌سافه‌ لە بەغدا بریاریدا پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم کە لەو ساڵانەدا رادەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق کراوە، خه‌رجبکرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ سه‌ردانێک گه‌يشته‌ هه‌ولێر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی پارتی دیموکرات، گەیشتە سلێمانی.