سەردێڕ:

ترەمپ مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-01-11

36391 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەو مەرجە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێننەوە کە عێراق قەرەبووی دارایی ئەمریکا بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو پارەیەی لە وڵاتەکەدا خەرجیکردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاندووە، بە بڕوای ئەو پێویستە عێراق قەرەبووی ئەمریکا بکاتەوە لەبەرامبەر وەبەرهێنانەکانی چەندین ساڵی رابردووی لە وڵاتەکەدا و بە هیشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ترەمپ وتیشی "لە ئێستادا پارەیەکی زۆری عێراقمان لەلایە، بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار پارەی عێراق لە هەژمارێکی ئەمریکادا هەیە، بە بڕوای من عێراق قایل دەبێت بەوەی پێمان ببەخشێت، ئەگەر نا دەمێنینەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوای ئەو گرژیانەی ئەم دواییە کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دروستبوون، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ئەمریکاش ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

هەفتەی رابردووش ترەمپ لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، ئەمریکا بەشێوەی ساڵانە و بۆ چەندین ساڵ چەندین ملیار دۆلاری بە عێراق بەخشیووە، ئەمە جگە لە هەموو ئەو کارانەی بۆ وڵاتەکەی کردووە. خەڵكی عێراقیش نایانەوێت لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵبکرێن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە بژاردەی ئەوانە.