سەردێڕ:

کەنەدا: داوادەکەین لێپرسینەوە لەگەڵ ئێران بکرێت

فۆتۆ: 
2020-01-11

20517 جار خوێندراوەتەوە

ئۆکرانیا داواى قەرەبوو و کەنەداش داوای لێپرسینەوە لە ئێران دەکات، ئەوەش دواى ئەوەى ئێران دانى نا بەوەى کە بە هەڵە و بە بێ مەبەست فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستووەتە خوارەوە.

جاستین ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانى کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا داوایکرد، لێپرسینەوە لەگەڵ ئێران بکرێت و لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆئەوەى بە گرەنتییەوە لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر بکرێت لەسەر رووداوەکە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى کەنەدا لەگەڵ بەرپرسانى ئێران هاوکار دەبێت بۆئەوەى لێکۆڵینەوەکان بە ئاقارێکى گونجاودا بڕۆن.

هاوکات ڤلادیمێر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەى چاوەڕوانى ئەوە دەکات ئێران بە فەرمى داواى لێبوردنى لێبکات و قەرەبووى خستنە خوارەوەى فڕۆکەکەشیان بۆبکاتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێشبینى دەکەن ئێران لێکۆڵینەوەى گشتگیر بکات لەسەر ئەو هۆکارانەى لەپشت رووداوى کەوتنە خوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانییەکەوەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی ٨ی ئەم مانگە فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ر به ‌هێڵی ئاسمانی ئۆكرانیا، ‌دوای فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیمام خومه‌ینی لە تاران، به‌ ١٧٦ سه‌رنشینه‌وه‌ كه‌وته‌خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیانلەدەستدا، کە ٥٧ لە سەرنشینەکانی هاوڵاتى کەنەدى بوون و ١١ کەسیشیان هاوڵاتى ئۆکرانی بوون.